ئەمڕۆ 19ـەمین ساڵوەگەڕی تیرۆرکردنی فەرەنسۆ هەریرییە

له‌به‌رواری 18ی 2 ساڵی 2001 كه‌ 19 ساڵ پێش ئێستا لە كردەیەكی تیرۆرستیدا فڕەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەلایەن كۆمەڵێك چەكدار تیرۆر كرا.

فڕەنسۆ هەریری سیاسەتوانی كورد كە ئاشووری بوو، لە ساڵی 1937 لە شارەدێی هەریری لە دایك بووە، ئەندامی مەكتەب سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و پارێزگاری هەولێریش بووە، لە 18ی شوباتی ساڵی 2001 لەلایەن چەند كەسێكەوە تیرۆر کراوە.

هەریری لە ساڵی 1960 بووە بە پێشمەرگە و لە شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان بەشدار بووە. لە خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستاندا ئەندام پەرلەمان بووە، لە ساڵانی 1996 تا 2000 پارێزگاری هەولێر بوو.

رۆژی 18ـی شوباتی 2001، ژمارەیەك چەكداری تیرۆریست لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر، فڕەنسۆ هەریرییان كردە ئامانج و شەهیدیان كرد و ژمارەیەك لە پاسەوانەكانیشی لەو كردەوە تیرۆریستییەدا شەهید بوون.

ئەو كاتەی پارێزگاری هەولێر بووە، فڕەنسۆ گرنگی زۆری بە وەرزش و هونەر دەدا و بە خۆشەویستی هونەرمەند و وەرزشدۆستان ناسرابوو، هەر بۆیە گەورەترین یاریگای تۆپی پێش لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە ناوی ئەوەوە کراوە.

 

Back to top button