سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا دەكات
ڕۆژی سێشەممە 18ـی 2ـی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە باڵیۆز جێمس جێفری نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ كاروباری سووریا و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی و دواپێشهاتەكانی عێراق و هەنگاوەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی تازەی عێراق و ئەگەرەكانی بەهێزبوونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق تاوتوێ كران.
لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سووریا و دوایین هاوكێشە مەیدانییەكانی ئەو وڵاتە و، بیروڕا لەبارەی ڕۆڵی لایەنە كوردییەكان لە پێشهاتەكانی سووریا ئاڵوگۆڕ كرا و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە لە هەر بارودۆخێكدا ڕێگە لەوە بگیرێت گەلی كورد لە سووریا تووشی گرفت و چارەنووسی نادیار ببێتەوە و، نابێ بە هیچ شێوەیەك گۆڕانی دیموگرافی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕوو بدات.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا تەوەرێكی تری ئەو بابەتە بوو و هەماهەنگی و كاری هاوبەشی هەردوولا بۆ شەڕی دژی تیرۆر بەرز نرخێندرا و جەختیش لە فراوانتركردنی هەماهەنگیی دوولایەنە كرایەوە لە بوارە جیاجیاكاندا.