ڕێباز بێركۆتی: پڕۆژەی جیاكردنەوەی سلێمانی لە كوردستان شكستێكی گەورەی هێنا

خواكوڕك
دوای ئەوەی كە پەرلەمانتارێكی پێشوی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی ئاشكرای كرد, كە نەوشیروان مستەفا پڕۆژەی جیاكرنەوەی سلێمانی هەیە, سەركردەیەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت, پڕۆژەی جیاكردنەوەی سلێمانی لە كوردستان سەركەوتوو نەبوو، دەشڵێت: “ئەوەشی پشتیوانی لەو پڕۆژەیە دەكرد، ئێستا پەشیمان بووەتەوە، چونكە هیچی لێ بەدەست نایەت”.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر (ڕێباز بێركۆتی) لە لێدوانێكیدا بۆ مالپەڕی (باسنیوز)ی ڕاگەیاندوە:“ بابەتی پڕۆژەی جیاكردنەوەی سلێمانی، پەیوەندی بە هەموو كوردستانەوە هەیە، نەك پارێزگایەك، شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ حكوومەتی عێراق، بە دەستوور ڕێكخراوە، هیچ لایەنێك نەگەیشتووەتە ئەو بۆچوونەی فیدرالییەتی پارێزگاكان سەركەوتوو بێت”.

سەرۆكی لیستی یەكێتی گوتوشیەتی: “هەر كەسێك مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ بەغدا بكات، كارێكی نەشیاوە، بەدەر لە ڕێككەوتنی سیاسی، سەركەوتوو نابێت، جا هەر كەسێك ئەوە بكات، چونكە دەبێت ئەو كارە بە دەستە جەمعی بێت كە شێوەی مامەڵە لەگەڵ بەغدا چۆن بێت؟”.

بێركۆتی جەختی لەوە كردەوە كە یەكێتیش بەهیچ شێوەیەك پشتیوانی لە پڕۆژەی جیاكردنەوەی سلێمانی ناكات, پڕۆژەی جیاكردنەوەی سلێمانی یان بەستنەوەی بە بەغدا، شكستی هێناوە و “ئەوەشی پشتیوانییان لێ كردووە، پەشیمانن”.

Back to top button