وه‌زاره‌تى شاره‌وانى: پڕۆسەی چاككردنی شكست و چاڵی شەقامەكان بەردەوامە

تیمەكانی فەرمانگە شارەوانییەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وێڕای دروستكردنی شەقام و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان، هاوكات دەستیان كردووە بە پڕۆسەیەكی فراوان بۆ چاككردنی شكست و چاڵی شەقامەكان لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان، بە تایبەتی ئەو شەقامانەی سەرەكین و زۆرترین هاتوچۆی شوفێرانیان بەسەرەوەیە.

لە هەڵمەتێكی دیكەدا تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی شەشی هەولێر، پڕۆسەیەكی دیكەی بۆ چاككردنە‌وە‌ی شكست و چاڵە‌كانی شە‌قامی ١٠٠مە‌تریی هەولێر بەڕێوەبرد، ئەویش لە‌ یە‌كتربڕی بازەوە تا یە‌كتربری ئێمپایە‌ر.

ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر كار لە بەشەكانی دیكەی ئەو شەقامە كرا، بەوپێیەی زۆرترین هاتوچۆی بەسەرەوەیە و شەقامێكی ستراتیژییە لە شاری هەولێر.

لەو پڕۆسەیەدا كارگە‌ی ئە‌سفە‌لتی سە‌رۆكایە‌تیی شارە‌وانیی ھە‌ولێر و پۆلیسی ھاتوچۆی ناوشار بەشداریان كرد، وەك شارەوانیی هەولێریش رایگەیاندووە پڕۆسەكە بەردەوامی دەبێت و هەموو ئەو شەقامانەی دیكەش چاك دەكرێنەوە كە دووچاری شكست و تێكچوون بوونە.

Thumbnail

Back to top button