لە سلێمانی مل و بڕبڕەی پشت و 16 پەراسووی ژنێك دەشكێنرێت

خواكوڕك

لەدوای ئەوەی كێشە دەكەوێتە نێوان دوو هاوسەر ژنێك، كە دایكی پێنج منداڵە، بەهۆی لێدانی هاوژینەكەی، 15 رۆژە لە بەشی چاودێریی ورد لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی بێهۆشە. مێردەكەشی لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیركراوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە رووداوەكە بە (خواكوڕك)ی راگەیاندووە:” ئەو ژنە 7ی ئەم مانگە لەنێو ماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی لەلایەن مێردەكەیەوە لێیدراوە, بەڵام دوای دوو رۆژ كەوتنی لە ماڵەوە 9ی مانگ براوەتە نەخۆشخانە, لە ئێستادا 15 رۆژە لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشكدایە لە یەكەی چاودێریی چڕ, پزیشكێك كە چاودێری نەخۆشەكەی كردووە پێشتر رایگەیاندبوو:” ژیانی لە نێوان مان و نەماندایە”

ئەو سەرچاوەیەیی خواكوڕك گوتیش:” ژنەكە خاوەنی پێنج منداڵە, دایكی سێ‌ كوڕ و دوو كچە، ئێستا منداڵەكانی لە خانەی منداڵانی بێ سەرپەشت لە چاوەڕوانی سارێژبوونی برینەكانی دایكیاندا ژیان بەسەر دەبەن.

منداڵەكان چیرۆكی لێدانی دایكان لە لایەن باوكیان بۆ میدیاكان دەگێڕنەوە دەلێن:” باوكم بە لەقە لە دایكمی دەدا، ئێمەش سەیرمان دەكرد و نەمان دەوێرا هیچ بڵێین. دوای ئەوەی دایكم بارودۆخی تێكچوو و باوكم لێی بێزاربوو، تەلەفۆنی بۆ نەنكم كرد و گوتی، وەرە كچەكەت ببە بۆ نەخۆشخانە لە حەمام كەوتووە”.
هەروەها راپۆرتە پزیشكییەكان نیشانی دەدەن لەژێر ئەشكەنجەدا ژنەكە:” مل و بڕبڕەی پشت و 16 پەراسووی شكاون”

شایەنی باسە گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندتیژی دژی ژنان رایگەیاندبوو:” كە چاوەڕوانی دۆخی تەندروستی ژنەكە دەكەن, چونكە دەرەنجامی سزاكەشی بەستراوەتەوە بەباری تەندروستی هاوژینەكەی و لێكۆڵینەوەكان لە دۆسییەكە بەردەوامن, ئێستا هاوژینی ئەو ژنە بەپێی مادەی 7ی یاسای بەرانگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی زیندانی كراوە.

Back to top button