وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێک بڵاو دەکاتەوە .

 

 

وەزارەتی پێشمەرگە ی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هێرشەکەی گوندی چەغماغە ڕاگەیەندراوێک ئاراستە دەکات و ئاشکرای دەکات پێش ئەو هێرشە چەندین جار هۆشداری جموجۆڵی هێزەکانی داعشمان داوەتە هێز عێراقیەکان لەو ناوچانە ، بەڵام بەداخەوە کەم تەرەخەمیان کردووە .

 

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ باره‌ی په‌لاماره‌كه‌ی داعش بۆ سه‌ر گوندی چه‌خماخه‌ راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌.

 

راگەیه‌ندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە

 

شەوی 18 لەسەر 19ی ئەم مانگە، لەئەنجامی پەلامارێکی ترسنۆکانەی تاریکپەرستان و تیرۆریستانی داعش بۆ سەر گوندی ”چەخماخە“ ی سەر بە قەزای دوبز لە ڕۆژئاوای كەركووك،  چوار هاووڵاتی بێ گوناح شەهید و سێ هاووڵاتیی تریش بریندار بوون.

 

ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان بە خانەوادە و كەسوكاری شەهیدانی ئەو ڕووداوە تیرۆریستییە رادەگەینین و هاوخەمی و هاوسۆزی خۆمانیان بۆ دووپاتدەکەینەوە، هیوای چاکبوونەوەی بەپەلەش بۆ برینداران دەخوازین.

 

لەماوەی رابردوودا، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەمەترسی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان لەوناوچانە و دەرفەتی سەرهەڵدانەوەیان لەئەنجامی ئەو بۆشایە ئەمنیەی هەیە، بۆیە رایدەگەینین، ئەرکی حکومەتی عیراق و سوپای عیراق و هێزەکانی ترە کە گیان و ماڵی دانیشتوانی ئەو ناوچانە لە کورد، عەرەب، تورکمان و پێکهاتەکانی تر بپارێزێت و سەلامەتی ئەوان لەئەستۆی ئەو هێزانەدایە کە لەو ناوچانە بوونیان هەیە.

 

ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لە خەبات و نەبەردی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعشدا ،  بە خوێنی رۆڵە ئازاکانی بەبێ جیاوازی، خەڵکی ناوچە دابڕاوەکانی بە ھەموو نەتەوە و پێکهاتەکان پاراستووە،  بۆ رێ گرتن لەدووبارە بوونەوەی رووداوی لەوشێوەیە داوا دەکەین لەرێگەی دیالۆگی نیشتمانیی و بەرپرسیارانە هەنگاوەکانی رێککەوتنی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراق کورتتر و خێراتر بکرێتەوە، هاوکات ئەو بۆشایە ئەمنییەی ئەو سنوڕە پڕبکرێتەوە بەهاوبەشی و وجودی هێزی پێشمەرگە و سوپای عیراقی فیدڕاڵ.

 

هەموو لایەک دڵنیادەکەینەوە، ئێستاش دەتوانرێ بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هێزی پێشمەرگه و سوپای عیراق و هێزە ئەمنیەکان، ئاسایش و سەقامگیری تەواوەتی بۆ ئەو ناوچانە فەراهەم بکرێت.

 

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

Back to top button