وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی داوای گرتنه‌ رێوشوێنی توند له‌ باره‌ی كۆرۆنا ده‌كات

دوای ئه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ ئێران بڵاو بوویه‌وه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ ژماریه‌ك كه‌س توشی بوون و دووكه‌سیش گیانیان له‌ده‌ستدا وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوای كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ لێژنه‌ی باڵای رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران راگه‌یێندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ داوا ده‌كات ژماره‌یه‌ك رێكاری نوێی پێویست بگیرێنه‌‌به‌ر له‌ باره‌ی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێوه‌.

له‌نوسراوێكی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه‌ ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی كردووه‌، رایگه‌یاندووه‌: دوا به‌ دوای ئه‌نجامدانی چه‌ندین په‌یوه‌ندیكردن به‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی عێراقی فیدراڵ و به‌ڕێز وه‌زیری ته‌ندرووستی عێراقی فیدراڵ له‌ پێناو یه‌كخستن و هه‌ماهه‌نگی له‌ رێككاره‌كانی خۆپارێزی دژی نه‌خۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و پێشنیازه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی عێراقی فیدراڵ به‌ نووسراویان ژماره‌ (559) له‌ 20/2/2020 له‌ دوای دڵنیابوون به‌ تۆماركردنی 6 حاڵه‌تی تووشبوو به‌ نه‌خۆشی كۆرۆنای نوێ و له‌ نێوانیان 2 حاڵه‌تی مردن له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی رێككاره‌كان وه‌ك داخستنی كۆلیژ و په‌یمانگا و قوتابخانه‌كان بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ لایه‌ن نووسینگه‌ی رێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانی ئه‌مڕۆ پشتڕاستكرایه‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌ی به‌ په‌له‌ی لیژنه‌ی باڵای وه‌زاره‌تمان به‌ سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیری ته‌ندرووستی و ئاماده‌كاری بۆ خۆپاراستن و كۆنترۆڵكردنی ئه‌م نه‌خۆشییه‌ به‌ هه‌موو ورده‌كارییه‌كانه‌وه‌ تاوتوێ و گفتوگۆ كرا ده‌رباره‌ی باری نه‌خۆشییه‌كه‌ له‌ جیهان و ناوچه‌كه‌ به‌ تایبه‌تیش له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران، به‌ هۆی ئه‌م ترسناكیانه‌:

1- زۆری ده‌روازه‌ و هاتووچۆی نێوان هه‌رێم و ئه‌م وڵاته‌ كه‌ هه‌زاران كه‌س له‌ كاتی سه‌ردانه‌كان.

2- سه‌ختی جێبه‌جێكردنی رێوشوێنه‌كانی خۆپارێزی كه‌ خۆی له‌ پشكنینه‌كانی پزیشكی و كه‌ره‌نتین كردنیان ده‌بینێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها رێوشوێنه‌كانی تر.

3- باری ئێستای به‌شه‌كانی تری عێراق، كه‌ وا ده‌كات ئه‌سته‌م بێت كۆنترۆڵ بكرێت، ئه‌گه‌ر بێتوو له‌ عێراق ئه‌م نه‌خۆشییه‌ سه‌رهه‌ڵبدات.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و به‌ پشت به‌ستن به‌ یاسای ته‌ندرووستی گشتیی، ژماره‌ 89ی ساڵی 1981 و بۆ رێگه‌گرتن له‌ هاتنی ئه‌م ڤایرۆسه‌ پێشنیاز ده‌كه‌ین:

پێشنیازه‌كان

1- رێگریكردن له‌ هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كه‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ دێن بۆ ناو هه‌رێمی كوردستان له‌ گشت خاڵه‌ سنوورییه‌كان، راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ تا كاتێكی نادیار جگه‌ له‌ شانده‌ دیبلۆماسییه‌كان، كه‌ پشكنینی پزیشكیان بۆ بكرێت.

2- ئه‌م رێگرییه‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان نه‌گرێته‌وه‌ كه‌ ئێستا له‌ كۆماری ئیسلامی ئێرانن، به‌ مه‌رجێك پابه‌ندی رێكاره‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی بكرێن، كه‌ خۆی له‌ كه‌ره‌نتین و چاودێریكردن بۆ ماوه‌ی 14 رۆژ ده‌گرێته‌وه‌.

3- رێگریكردن له‌ گشت هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق بۆ سه‌ردانی كردنی كۆماری ئیسلامی ئێران تا كاتێكی تری نادیار

 

 

Back to top button