هەولێر و عەلاوی دووەم
ئەوەی ئێستا موحەمەد عەلاوی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، دەرهەق بە کوردی دەکات، بە ئامانجی پەراوێزخستی هەولێر، رەنگە نامۆ نەبێت و دەکرێ ئاسایی بێت!
بەو مانایەی عێراق و سیاسییەکانی، بەمزووانە ناتوانن دان بە ماف و پێگەی سیاسی و مرۆیی هەرێمی کوردستاندا بنێن، بەهۆکاری زاڵبوون و بەردەوامی عەقڵییەتی ڕاسیستییانەی دژ بە کورد کە مێژووەکەی لە دروستبوونی عێراقەوە تا ئێستا درێژەی هەیە، ئەوەی لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیشەوە هاتووە، بە موو لە سیاسەتی سەددام حوسێن و کارەکتەرەکانی پێش ئەو لایان نەداوە، تەنیا هەندێ گۆڕانکاری بچووک نەبێت، لە رەفتاری ساختەیان، ئەویش جارێک لە ترسی ئەمەریکا و جارێکیش عێراق خۆی لاواز بووە و ئاڵۆزیی ناو ماڵی شیعە و سوننەش هۆکاربوونە لەوەی جارجارە بە درۆ خۆیان لە کورد نزیک بکەنەوە، ئەگەرچی بەشێک لە سیاسی و ڕۆشنبیر و کەسایەتیی کورد، دەڵێن، عادل عەبدولمەهدی نموونەیەکی باش بوو بۆ کورد، بەڵام لە واقیعدا و لەسەر ئەرزی جێبەجێکردنی سیاسەتدا، ئەویش پیاوێکی خراپ و لە سایەی دەسەڵاتیدا سیاسەتی بە عەرەبکردن و ئازاردانی کورد لەناوچە کێشەلەسەرەکان درێژەی هەبووە و تەنانەت سووتاندنی دەغلودانی کوردانیشی هاتەسەر، هەروەها مووچە وەک خێر بۆ هەولێر دەهات، بەجۆرێک هەموو سەرەمانگێک خەڵکی کوردستان دووچاری دڵەڕاوکێ دەبن، تەنانەت ئەو پیاوە واتە عەبدولمەهدی جورئەتی نەکرد دوو بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان بباتەوە کەرکووک، لەکاتێکدا پارتی هاوپەیمان و پاڵپشتی بوون، دەی ئەوە عەبدولمەهدییە باشەکە بوو، بە قەولی هەندێک!
ئینجا ئێمە بۆ چاومان لەوە بێت عەلاوی باش بێت! کە درێژەپێدەری هەمان سیاسەتی ڕاسیست و دژە کوردە، ئەگەر وا نەبووایە پێویست بوو بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، بە هەموو شێوەیە خۆی لە کورد نزیک بکرایەتەوە و دەیان فۆڕمی تاقی بکرایەتەوە بۆ ڕازیکردنی کورد، کەچی ئەوەتا لەو ڕەوشە ناسکەی خۆیدا، ئامادە نییە دان بە ماف و پێگەی هەرێمی کوردستان بنێت، ئەویش دەیەوێ لە ڕێگەی سیاسەتی دژایەتی کوردەوە خۆی لە بەرەی راسیستی عێراق نزیک بکاتەوە، لەکاتێکدا سوور دەزانێت، کورد یانی سەقامگیری، یانی ئاڵۆزی، واتە لە یەک کاتدا کورد دەتوانێت هەم ئاڵۆزی و هەمیش سەقامگیری دروست بکات، نموونەی شەڕی پردێ لە سەردەمی عەبادی و ئاشتەوایی لە سەردەمی عادل عەبدولمەهدی، ئێ کورد بۆ هەردووکیان ئامادەیە! ئاخر پیرمام خوێنی لێ بچۆڕێت، خۆی ڕادەستی موحەمەد عەلاوی ناکات!
سەرەڕای ئەوانە، ڕەنگە کشانەوەی کورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق کارێکی پۆزەتیڤ نەبێت، بۆ ئەم قۆناغە هەستیارەی کورد، مادام وایە سیاسەتی دیپلۆماسییانە و پشوودرێژانە پێویستە، لە سەرووی هەموو ئەوانەشەوە یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی پێویستە کە دڵنیام ئەوە روونادات و حیزبەکانیش هەمان مۆدێلی زوو پەیڕەو دەکەن، ئەوەتا عێراق دەیەوێ دووبارە مافە سیاسی و ئابوورییەکانی کورد پێشێل بکات، کەچی کورد لەناو خۆیدا، لەبری ئەوەی رووبەڕووی بەغدا ببێتەوە، خەریکن لە دژی یەکدی، خۆپیشاندان دەکەن و بەمەش دڵی ڕاسیستەکانی بەغدا خۆش دەکەن و ئەوەش وەک دیارییەک پێشکەشی بەغدا دەکەن، لەکاتێکدا دەبوو لەم قۆناغەدا، کورد یەکگرتوویەکەی لە لووتکەدا بووایە، بەوەی قۆناغێکی هەستیارە و بەغدا دەیەوێ هەمدیسان کێشە بۆ پێگەی هەولێر دروست بکات، لەکاتێکدا هەولێر نایەوێ خۆی بخاتە ژێر هەژموونی عەلاوی دووەم.
سەرباری ئەوەی ئاواتەخوازم کورد لە قۆناغی ئێستا، ڕێگەی دیالۆگ و مێزی دانوستاندن لەگەڵ عەلاوی دووەم بگرێتە بەر، بەڵام ئەگەر ئەو پیاوە هەر سوور بێت لەسەر فەرامۆشکردنی کورد و هەوڵی بچووککرنەوەی پێگەی هەولێر بدات، ڕێک کوردیش چەند خاڵێکی بەهێزی هەن، دوو لەوانە نەوت و ئەنجامی ریفراندۆمیشی هەن، کە بۆ ئەم قۆناغە زۆر گرنگن، بە تایبەتی نەوت، بەوەی کورد دەتوانێت دیسان ئابووری سەربەخۆ پەیڕەو بکات، بە ڕەچاوکردنی چاکسازی و کەمکردنەوەی خەرجییەکانی حکوومەت و بایەخدان بە کشتوکاڵ و کارکردن بۆ کەرتی وەبەرهێنانی ناوخۆیی، بە ڕادەیەک بەغدا پێویستی بە هەولێر بێت.
عەلاوی، ئەو پیاوە لاوازەی گۆڕەپانی سیاسەت و ناو ململانێکانی بەغدا، لە یەکەم ئەزموونیدا بۆ ئەوەی خۆی لەناو ڕاسیست و مەزهەبییەکانی بەغدا خۆشەویست بکات، دەستی کردووە بە دژایەتیکردنی کورد و دەیەوێ لە پرۆسەیەکی کارتۆنیدا بەشداری بە کورد بکات، ئەویش لە دەرەوەی ئیرادەی قەوارەی سیاسی و یاسایی هەرێمی کوردستاندا، لەکاتێکدا هەولێر مافی بڕیاردانی هەیە نەک عەلاوی، هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکات و هەر کەس و کاندیدێکیش لە دەرەوەی ئەو قەوارە یاساییەی هەرێمەوە کاندید بکرێن، دوور و نزیک پەیوەندییان بە کوردەوە نابێت و ناتوانن نوێنەری هەولێر بن، ئەگەر ئەوەش ڕوویدا، لەسەر هەولێر پێویستە بە دەنگی بەهێز و یەکگوتاری دژایەتی بکات و تەنانەت ڕێگری لەو جۆرە کوردانەش بکات کە بەشداری کابینەکەی عەلاوی دەکەن، واتە ئەو جۆرە کوردانەی لەسەر حیسابی فەرامۆشکردنی پێگەی کورد و لەسەر خواستی عەلاوی پۆست وەردەگرن، پێویستە ڕێگەی هەولێر و سلێمانیان لێ بگیرێت، ئاخر ئەو جۆرە بەشدارییە زیاتر لە جاشایەتی دەچێت تا بەشداری سیاسی بێت، بەشدارییەک لە حکوومەتەکەی عەلاوی بەبێ ڕەزامەندی هەولێر، لای هەولێر هیچ قیمەت و بەهایەکی نابێت و هەولێریش ئەو کەسانە وەک جاش دەبینێت کە لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسیی هەولێردا بەشداری کابینەکەی عەلاوی دەکەن.