پارێزگارێكی سلێمانی به‌ هاوكاری كۆمپانیایه‌ك بڕی 5 ملیار دینار ده‌بات

خواكوڕك

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی سلێمانی ئاشكرای ده‌كات، كۆمپانیایه‌كی كه‌رتی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ پارێزگاری سلێمانی رێككه‌وتوون كه‌ كارتی تایبه‌ت به‌ به‌شه‌ نه‌وتی هه‌وڵاتیان دابین بكه‌ن و بڕی 4 ملیار و 500 ملیۆن دیناریان وه‌رگرتوه‌ و تا ئێستاش هیچ سیسته‌مێك و نه‌وتێك له‌گۆڕی نیه‌.

غالب محەمەد سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رایده‌گه‌یه‌نێت، “نزیكەی ساڵێك پێش ئێستە، گرێبەستێكی تایبەت بۆ دروستكردنی كارتی تایبەت بە وەرگرتنی بەشە نەوتی هاووڵاتییان لەلایەن ئاسۆ فه‌ره‌یدون پارێزگاری سلێمانی و كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت (كۆمپانیای باڤیان) واژوو كرا، گرێبەستەكە هەر ئەوكات رەخنە و نیگەرانی لە ئاستی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام دواجار هەر جێبەجێ‌ كرا”.

ئه‌و ئه‌ندمه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌ به‌ وشه‌ی راگه‌یاندووه‌، “من پێنج نووسراوم ئاراستەی ئاسۆ فه‌ره‌یدون پارێزگاری سلێمانی كرد بۆ ئەوەی گرێبەستەكە واژوو نەكەن، بەڵام واژوو كرا”.

پارێزگای سلێمانی نزیكەی 480 هەزار خێزان هەن كە بەشە نەوتی مانگانە وەردەگرن، بۆ هەر خێزانێك بڕی نۆ هەزار و 500 دینار لە بەرامبەر دروستكردنی كارتی زیرەك بۆ وەرگرتنی نەوت لەلایەن كۆمپانیای باڤیان وەردەگیرێت و كۆی گشتیی پارەكە چوار ملیار و 560 ملیۆن دینار دەكات.

غالب محەمەد ئاماژەی بۆ كرد، ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، لیژنەیەكی بەدواداچوونی بۆ ئەو گرێبەستە پێك هێناوە، ئەوان قسەیەكیان لەسەر كۆمپانیاكە نییە، چونكە گرێبەستی لەگەڵ كراوە، بەڵام كێشەیان لەگەڵ پارێزگار هەیە كە بە نایاسایی گرێبەستەكەی كردووە و دووپات لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر لە ناوخۆی پارێزگا كێشەكە چارەسەر نەكرێت، دۆسیەكە بۆ داواكاری گشتی بەرز دەكەنەوە.

Back to top button