وەزیری پەروەردە باس لە ئەگەری ڕاگرتنی دەوامی خوێندن دەکات

وەزیری پەروەردەى هەرێم لەبارەى نەخۆشی کۆرۆناوە ڕایگەیاند، ڕێکاری خۆپاراستنی پێویست لە قوتابخانە و خوێندنگاکان پەیڕەو دەکرێت و تائێستا هیچ بڕیارێک نییە بۆ ڕاگرتنی دەوام.

ئەمڕۆ یەك شەممە، 23ی شوباتی 2020، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەى هەرێم ڕایگەیاند، دوێنێ لە کۆبوونەوەى بەپەلەى حکومەتى هەرێم بەشدار بوون بۆ ڕوبەڕوبوونەوەى بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسی کۆرۆنا و باس لە سەرجەم ڕێکارەکان کراوە، هەموو ئەگەرێکیش کرایەوە تاوەکو ڕاگرتنی دەوام کرایەوە.

وتیشی، ئەوەى ئێستا هەیە دۆخێکی دەرونییە و پێویست بەو ترسە ناکات، بەڵام ئێمە چاوەڕێ دەبین تا چەند ڕۆژێکی تر و ئەگەر دۆخەکە پێویستی کرد بڕیاری ڕاگرتنی دەوامیش دەدەین.

ئەوە لەکاتێکدا دوێنێ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی بۆ پاراستنی تەندروستی قوتابیان و خوێندكاران چەند بڕیارێكی دەكرد و ڕایگەیاند، هەموو ئەو چالاكیانەی كە دەبنەهۆی دروستبوونی قەرەباڵغی و جەنجاڵی لە ناوەندەكانی خوێندن ڕادەگیرێت، پێویستیشە گرنگی زیاتر بە پاكوخاوێنی بدرێت و ئاو و پاككەرەوە دابین بكرێت.

ڕێنماییەكان :

یەكەم/ ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی بە تەواوەتی جێبەجێ بكرێت.

دووەم/ وانەی یەكەم ڕێنمایی بدرێت بە قوتابیان و خوێندكاران.

سێهەم/ هەموو چالاكیەك كە دەبێتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی ڕابگیرێت.لە فێستیڤاڵ، ئاهەنگ، كۆڕ و سمینار.

چوارەم/ لەگەڵ بنكەی تەندروستی گەڕەكەكان و بەڕێوەبەرێتی تەندرووستی قوتابخانەكان هەمەئاهەنگی تەواو بكەن بۆ خۆپارێزی لەم نەخۆشیە.

پێنجەم/ گرنگە پاك و خاوێنی، بوونی ئاو ، پاككەرەوە دابین بكرێت.

شەشەم/ لیژنەی فرۆشگا چالاكتر بەردەوام سەردانی فرۆشگا بكات بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێ كردنی مەرجە تەندروستیەكان.

حەوتەم/ هەر قوتابی و خوێندكارێك ئەنفلۆنزا یان تای هەبوو كارئاسانی بۆ بكەن بۆ پشكنین و چارەسەر.

 

 

 

Back to top button