به‌ڕیوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ده‌ستبه‌كاربووه‌وه‌

خواكوڕك

رۆژی 6/12/2016 دڵشاد عومه‌ر بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاند، به‌هۆی قبوڵنه‌كردنی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌،ئه‌مرۆ جارێكیتر ناوبراو له‌پۆسته‌كه‌ی ده‌ست به‌كاربووه‌وه‌.

پێشتر دڵشاد عومه‌ر، كه‌له‌سه‌ر پشكی گۆڕان ئه‌و پۆسته‌ی وه‌رگرتووه‌، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی بۆچه‌ند خاڵێك راگه‌یاندبوو، و هۆكاری سه‌ره‌كی ده‌سوه‌ردانی حزبی و ئاراسته‌داری خۆپیشاندانه‌كان بوون له‌ژێر هه‌ژموونی جزبێكی سلێمانی.

ماوه‌ی سێ مانگه‌ مامۆستایانی ده‌ڤه‌ری سلێمانی بایكۆتی خوێندنیان كردووه‌، به‌م هۆیه‌وه‌ پرۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌ له‌م شاره‌ وه‌ستێنرابوو، به‌ڵام له‌ ئێستادا جارێكیتر مامۆستایان گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هۆڵه‌كانی خوێندن و پرۆسه‌كه‌ ده‌ستی پێكردۆته‌وه‌.

 

هۆكاره‌كانی ده‌ستله‌كار كێشانه‌وه‌كه‌ی بۆ ئه‌م خاڵانه‌ گه‌ڕاندبووه‌وه‌:

یەکەم: ملاملانێی حیزبی و راستگۆنەبوونی حیزبەکان بەرامبەر ئەم بارودخە نەخوازراوە، نەبوونی هەڵوێستی هەر حیزبێک بەجیاو بە دوو ئاراستەی کارکردن پێکەوە، بۆیە ناکرێت شاری سلێمانی بکەنە قوربانی و من تێیدا شەرمەزاربم.

دووەم: نەبوونی زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن و هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، زاڵبوونی زمانی زبر و قسەی نەشیا و لەوشارەدا، بەتایبەت لە کەناڵەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سانسۆر نەخستنەسەریان بەناوی بوونی رای جیاواز و ئازادی رادەربڕین، ئەوەش ناکرێت سیفەتی پەروەردەکاران بێت.

سێیەم: هەندێک بەرپرسی حیزبی، حکومی، پەرلەمانتاری ئێستا و خولەكانی پێشوو، لە ئاستی دیکەشدا هاتوون ئەسپی خۆیان تاودەدەن و بە هاندانی خەڵک بۆ لەباربردنی پرۆسەی پەروەردە لەو دەڤەرەدا، کە پێموایە ئەوپەڕی خیانەتە بەرامبەر بە خاک و نیشتمان، ئەگەر هەمان هەڵوێستیان هەبووایە بۆ بەگەڕخستنەوەی پەرلەمان و باشترکردنی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ئەوکاتە بۆچوونێکی دیکەم دەبوو لەو خاڵەدا.

لە كۆتایی قسه‌كانیشدا دڵشاد عومەر رایگەیاند “ئیدی نابێت بەندەش بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەیەک بێت کە ژمارەیەک مامۆستای تێدابێت، بوختان و ناوزڕاندن و درۆ پیشەیان بێت، لە کۆتاییدا سوپای سەرجەم هاوڕێ و هاوکارانم دەکەم کە داکۆکیکار بوون لە مافی مامۆستایان”.

Back to top button