پسپۆرێكی ڤایرۆسی كۆرۆنا: كۆرۆنا له‌ ساڵی 1960 سه‌ری هه‌ڵداوه‌ مه‌ترسیه‌كانی به‌و جۆره‌ نیه‌ خه‌لكی خۆی بتۆقێنێت

دوای ئه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ جیهاندا بڵاو بوویه‌وه‌ و چه‌ند حاله‌تێكی توش بوون و گیان له‌ ده‌ستدانیش له‌ ئێران تۆمار كراوه‌، بۆیه‌ هه‌رێمی كوردستان رێوشوێنی توندی به‌رامبه‌ر ئه‌و ڤایرۆسه‌ گرتۆته‌ به‌ر و پسپۆرێكی نه‌خۆشیه‌كه‌ش رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ نه‌ خۆشیه‌كه‌ هێنده‌ مه‌ترسیدار نیه‌ خۆمانی پێ بتۆقێنین، به‌لكو پێویستی به‌وه‌ هه‌یه‌ خۆمانی لێ بپارێزین.

 بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە رایگەیاند، ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ هێندە مەترسیدار نییە بەو جۆرەی باس دەكرێت، چونكە تائێستا كەسانی توشبو رێژەی مردنی لە 4% تێنەپەڕاندوە. دەشڵێت “رێكخراوی تەندروستیی جیهانی یەكەم حاڵەتی توشبونی بە ڤایرۆسەكە لە عیراق راگەیاندوە”.


دكتۆر شەماڵ جەبار یاوەر بەڕێوەبەری دەزگای تەندروستیی پێشمەرگە لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، ڤایرۆسی كۆرۆنا هێندە مەترسیدار نییە بەوجۆرەی باس دەكرێت، بەداخەوە هەندێك كەسی نابەرپرس هیچ پسپۆڕییان لەو ڤایرۆسەدا نییە و دەستیانكردوە بە بڵاوكردنەوەی هەواڵی ناڕاست، بەڵام بۆ زانیاری هاووڵاتیانی كوردستان ئەم ڤایرۆسە لەساڵی 1960ەوە بوونی هەیە تائێستا رێژەی مردن لە  4% تێپەڕی نەكردوە لەو كەسانەی توشبون، بۆیە دڵنیایی بەهاووڵاتیانی كوردستان دەدەین حاڵەتی گومانلێكراویش بونی نییە لە هەرێمدا”.

له‌ باره‌ی ئاماده‌كاریه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ گوتیشی “ئەو ئامادەكاریانەی ئێستا كراون لەسەرجەم نەخۆشخانەكاندا بەشی جیاكەرەوەمان هەیە و بۆ ناو نەخۆشخانەی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بۆ سەرجەم كارمەند و پزیشكەكانیش دەمامكمان دابەشكردوە و لیژنەیەكی روبەڕوبونەوەمان دروستكردوە لە ئەگەری بڵاوبونەوەی ئەو حاڵەتە و لەهەوڵی بەردەوامداین بۆ دابینكردنی دەمامك بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەتایبەت ئەوانەی لە سەنگەردان و لەهەفتەی داهاتودا دەست بە دابەشكردن دەكرێت”.

باسی لەوەشكرد، بەڵێنیان لە چەند كەسێك وەرگرتوە بۆ دروستكردنی شوێنێكی دابڕاوی 50 قەرەوێڵەیی لەم سنورە دروستبكرێت و دەكەوێتە دەرەوەی شار بۆیە لە 90% ئەگەری هەیە لە مانگێكی تردا دروستبكرێت.

Back to top button