نێچیرڤان بارزانی باسی مووچەی خۆی دەكات پاش پاشەكەوت

خواكوڕك

نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەرە دەلێت لە ماوەی یەك ساڵی داهاتوودا ئەنجامی چاكسازییەكانی حكومەت دەردەكەون و هەرێمی كوردستان دەبێتە خاوەنی وەزارەتی داراییەك كە دامەزراوەیەكی كارا دەبێت. لەبارەی سیستەمی بایۆمەتریش دەڵێت “بۆ چارەسەری كێشەی پێشمەرگەی وەهمی یان بندیوار، یانیش كەسانی خاوەن دوو یان سێ مووچە سیستەمی بایۆمێتریمان داناوە، بۆ ئەوەی ئەم كارە خراپە نەهێڵین”.

ئەمەی خوارەوە دەقی دیمانەكەی ماڵپەڕی ئەلمۆنیتەرە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی

ئەلمۆنیتەر: لە كاتێكدا ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بەڕێوەدەچێ، زۆر شەڕ و پێكدادانی دیكەش دەشێت سەرهەڵبدەن. لە گوتارەكەی خۆتاندا لە زانكۆی ئەمریكی لە دهۆك ئاماژەتان بەوەدا كە وجودی (پەكەكە) لە شنگال خاڵی سەرهەڵدانی كێشەیە و گوتتان دەبێ لە شنگال بڕۆن.

نێچیرڤان بارزانی: روون و ئاشكرایە ئەو كاتەی ئەو رووداوە كارەساتبارە بەسەر ئێزدییەكانی شنگال هات، هێزەكانی رۆژئاڤا ـ واتە پەیەدە ـ رۆڵێكی زۆر بەنرخیان گێڕا لەوەی یارمەتی خەڵكی بدەن و هەتا شوێنی پارێزراو لەگەڵیان بوون. ئێمە پێزانینمان بۆ ئەوە هەیە و سوپاسی ئەو هەنگاوە دەكەین. لەم رەوشەی ئێستادا، بوونی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال تەنها سەقامگیریی ناوچەكە تێكدەدات و هیچی تر. بوونی پەكەكە لەوێ رێگرە لەوەی خەڵك بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. ئەوان دوودڵن لەوەی بگەڕێنەوە، چونكە دەترسن شەڕ و پێكدادانی نوێ رووبدات، نیگەرانن لەوەی چ داهاتوویەكی لێڵ چاوەڕێیان دەكات، واتە ئەوە ئێمە نین (وەك هەندێك لایەن تۆمەتبارمان دەكەن) كە رێگە لە گەڕانەوەی ئەوان بۆ سەر ژیان و ماڵ و حاڵی خۆیان دەگرین. ئێمەش وەك ئەو خەڵكە نیگەرانین، بۆیە بە بڕوایەكی تەواوەوە دەڵێین پەكەكە دەبێ شنگال جێبهێڵێت.

ئەلمۆنیتەر: ئێمە ئاگاداری ئەوەین كە ئەمریكا لەهەوڵدایە بۆ یەكخستنەوەی میلیشیا ئێزدییەكانی شنگال، لەوانەش یەكینەكانی بەرگریی شنگال (یەبەشە) كە سەر بە پەكەكەن، لە هەمانكاتدا ئەمریكا هاوڕایە لەگەڵ ئێوە كە پەكەكە دەبێ ئەو ناوچەیە جێبهێڵێت. ئایا لەم رووەوە هیچ پێشكەوتنێك بەدیهاتووە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لەگەڵ بەغدا و ئەمریكاش بۆ ئەم پرسە لە هەوڵداین. گفتوگۆكان، كە تا ئێستاش بەردەوامن، هیچ پێشكەوتنێكیان بەخۆیانەوە نەبینیوە، بە هیچ رێوشوێنێكی كرداری نەگەیشتووین بۆ ئەوەی پەكەكە وا لێبكەین هێزەكانی بكێشێتەوە. كێشەی سەرەكی لە مێنتالیتە و شێوەی هەڵسوكەوتی پەكەكەدایە. خەڵكی ئێزدی ناوچەكە نایانەوێت پەكەكە لەو ناوچانە بمێنێتەوە. خەڵك سەقامگیرییان دەوێت.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام ئەوەش راستییەكە كە ئێزدییەكان كێشەی متمانەیان هەیە و هەست دەكەن پێشمەرگە خیانەتی لێكردوون. ئەوان دەیانەوێ خۆیان لە پاراستنی ئارامیی خۆیان بەرپرسیار بن. هێزی پاراستنی ئێزیدخان كە حەیدەر شەشۆ سەركردایەتی دەكات، دەڵێت هێزەكانی ئەو ئامادەن بێنە ژێر چەتری پێشمەرگەوە، ئەگەر ئاستێك لە سەربەخۆییان هەبێت و چاوەڕێی ئەوەیان لێنەكرێت بە تەواوەتی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا تێكەڵ بن. بۆ نموونە دەیەوێت هێزەكانی ئەو مافی ئەوەیان هەبێت ئاڕمی خۆیان بەكاربهێنن و ئاڵای خۆیان هەڵكەن. ئایا لەگەڵ ئەم پێشنیازەدا هاوڕان؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ بە تەواوەتی لەگەڵیدا هاوڕاین. بێ ئەملا و ئەولا. هیچ كێشەمان نییە. ئێمە پێمانگوتوون و خۆیان ئەمە دەزانن. بە هەموو

یەكەم كەس بووم پرسی سەربەخۆییم بەشێوەیەكی فەرمی لەگەڵ بەغدا هێنایە بەرباس
گرووپەكانی دیكەشمان گوتووە كە ئەوانیش دەتوانن هەمان شت بكەن. حاڵی حازر لەگەڵ هەموو گرووپە چەكدارەكانی ئەو ناوچەیە لە گفتوگۆداین، بۆ ئەوەی بێنە ژێر چەتری یاسایی وەزارەتی پێشمەرگەوە. ئەوان ئاستێك لە سەربەخۆیی خۆیان دەبێت، بەڵام لە هەمانكاتدا فەرمان لە وەزارەتی پیشمەرگە وەردەگرن و هەماهەنگییان لەگەڵ دەكەن. ئێستا خەریكی تاوتوێكردنی هەموو ئەم پرسانەین. ئامانجمان دەبێ ئەوە بێت كە بەپێی پێویست هێزی خۆجێیی ئێزدی هەبێت بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵكەكەی خۆیان دابین بكەن و پارێزگاری لە ناوچەكەی خۆیان بكەن.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام كۆمەڵێك ئەكتەری دیكەش لەم كێشەیەدا هەن، بۆ نموونە بەغدا. دەگوترێ ئەوان پشتگیری لە پەكەكە و یەبەشە دەكەن چونكە ئەوان ئەم دوو هێزە وەكوو كارتی هێز لە دژی توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەبینن. بەڵام راپۆرتیش هەیە باسی ئەوە دەكات كە بەغدا مووچەی یەبەشەی بڕیوە، ئەمەش دوای ئەوەی ئەمریكا گوشاری خستە سەریان بۆ ئەوەی مووچەكە ببڕن؟

نێچیرڤان بارزانی: گفتوگۆی ئێمە و بەغدا بەردەوامە. هەتا ئێستا هیچ هەنگاوێكی جیدییان نەناوە كە یارمەتیدەر بێت لە پاشەكشەی هێزەكانی پەكەكە لەو ناوچەیە. ئینجا وەكوو خۆم ناتوانم ئەمە پشتڕاست بكەمەوە كە بەغدا مووچەی یەبەشەی بڕیوە، هەرچەندە پێیان راگەیاندووین كە ئەمەیان كردووە. ئەگەر كێشەكان بگەنە شوێنێكی هەستیار و ئەنقەرە و بەغدا و ئەكتەرەكانی دیكەش بێنە نێو مەسەلەكەوە، ئێمەش، وەكوو حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەكتەرێكین و كارتی خۆمان هەیە. ئەمەش بەو مانایەیە كە بە رای من لە بەرژەوەندیی هیچ لایەك نییە بگەینە ئەو خاڵە.
ئەلمۆنیتەر: ئایا دەتەوێ بڵێی بۆ دەركردنی پەكەكە لە شنگال دەست بۆ هێزی سەربازی دەبەن؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ.
ئەلمۆنیتەر: وادیارە مەسەلەی سەربەخۆیی بەشێوەیەكی بەرچاو لە ئەجێندای حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بێت. نەخشەڕێی سەربەخۆییتان چییە؟

نێچیرڤان بارزانی: كاتێك پرسی سەربەخۆیی دەهێنینە پێشەوە، مەبەستمانە چارەسەرێك بۆ كێشەیەكی هەڵواسراو بدۆزینەوە، نەك ئەوەی ناسەقامگیری دروستبكەین. بە پێچەوانەوە، ئێمە بڕوامان وایە سەربەخۆیی كوردستان لە سەقامگیری ناوچەكەدا رۆڵی دەبێت و بەرەوپێشی دەبات. ناتوانین چیدی بەو مۆدێلەی هەتا ئێستا هەبووە لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین. پرسی كورد لە عێراق پرسێكی كۆنە.

كوردەكانی عێراق لەگەڵ بەشە عەرەبییەكەی عێراقدا تێكەڵ نەبوون. من یەكەم كەس بووم كە پرسی سەربەخۆییم بە شێوەیەكی فەرمی لەگەڵ بەغدا هێنایە بەرباس. ئەم پرسەم لەگەڵ سەرۆك وەزیران حەیدەر عەبادی و هاوپەیمانێتی شیعەی عێراق هێنایە بەرباس. من دیالۆگی زۆر جیدی لەگەڵ بەغدا بە نەخشەڕێیەك دەزانم. ئەمە گرنگترین هەنگاوە. بۆ ئەوەی مەسەلەكە روونتر بێتەوە دەڵێم، ئەگەر بەبێ راوێژ و هیچ دیالۆگێك لەگەڵ بەغدا سەربەخۆیی رابگەیەنین، ئەوە سەربەخۆییەكەمان لەڕووی پراكتیكییەوە مومكین نییە.

ئەلمۆنیتەر: ئایا دەتەوێت بڵێی رەزامەندی بەغدا لەسەر سەربەخۆیی كوردستان شتێكی زەروورییە؟

نێچیرڤان بارزانی: سەیركە. ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە ئەوەیە یەكەم دیالۆگی فەرمیمان بۆ سەربەخۆیی لەگەڵ بەغدا بێت، دەبێ دانیشتنی فەرمیمان لەگەڵ بەغدا هەبێت و ئەم تابووە بشكێنین و باسی بكەین.

ئەلمۆنیتەر: ئایا ئامادەیی ئەوەیان هەیە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ ئامادەن. بە عەبادیم گوت، بە هاوپەیمانێتی شیعەم گوت، دواجار ئامانجی ئێمە سەربەخۆییە و ئێوەش دەبێ زۆر بە جیدی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بكەن. هەردوو لایەن دەیانگوت تووشی شۆك بوون بەوەی من پێمگوتوون، بەڵام پێزانینیشیان هەبوو كە من راشكاوانە قسەم لەگەڵیان دەكرد. دەیانگوت ئەوە یەكەمجارە گوێیان لێبێت كە پرسی سەربەخۆیی بەشێوەیەكی فەرمی باسی دەكرێت. پێیانم گوت كە لە رابردوودا ئەم پرسە لە رێگەی میدیاكانەوە دەگوازرایەوە، بەڵام ئێستا من بە فەرمی پێتان رادەگەیەنم كە ئامانجی ئێمە سەربەخۆییە و دەبێ كومیتەیەك پێكبهێنین ئەم پرسە تاوتوێ بكەن.

ئەلمۆنیتەر: ئەمە بەوردی كەی بوو؟

نێچیرڤان بارزانی: لە كۆتایی مانگی ئاب، واتە بەر لە دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی مووسڵ. دوای سەردانەكەی من، سەرۆك مەسعود بارزانیش سەردانی بەغدای كرد. گرنگترین هەنگاو ئەوەیە ئەم دیالۆگە لەگەڵ بەغدا دەست پێبكات.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام ئایا هەموو رێككەوتنەكانی ئێوە لەگەڵ بەغدا بە تراژیدی كۆتایی نەهاتووە؟ ئایا ئەمە راستییەك نییە كە عەبادی پێویستی بە كوردە بۆ ئەوەی خۆی لە ركابەرە نێوخۆییەكان (واتە شیعەكان) بپارێزێت؟ رەنگە ئەمە زیاتر بەرژەوەندی كورتمەودای ئەوی

نێچیرڤان بارزانی: بێگومان داینامیكەكانی ئەمجارە جیاوازن. بەڵام ئەوەی بەڕاستی گرنگە سەقامگیرییە، ئینجا ئەگەر ئەوان بەڕاستی سەقامگیرییان دەوێت، ئەمە (سەربەخۆیی كوردستان) تاكە رێگەیە. من بەوانم گوت: جەنابی سەرۆك وەزیران، سەیری مێژوو بكە، لە 1970 سەدام حوسێن رێككەوتنێكی لەگەڵ باپیری من، واتە مەلا مەستەفا بارزانی، واژۆ كرد. لە 1974 كاتێك سەدام هەستی كرد بەهێز بووە، لە رێككەوتنەكە پاشگەز بووەوە، ئینجا ناچار بوو نیوەی شەتولعەرەب بە ئێران بدات بۆ ئەوەی ئێران رازی بكات واز لە پشتگیریی كورد بهێنێت. كاتێكیش سەدام ویستی شەتولعەرەب وەربگرێتەوە، تووشی جەنگێكی هەشت ساڵە بوو، لە ئاكامیشدا حكومەتەكەی مایەپووچ دەرچوو. بۆیە هێرشی كردە سەر كوەیت و ئینجا خۆت ئەوی دیكەی دەزانیت.

ئەگەر عێراق كێشەكانی خۆی لەگەڵ كورد چارەسەر كردبایە، هیچكام لەمانە روویان نەدەدا. جیا لەمە كوردی عێراق زۆر جیاوازن لە كوردی ئێران و توركیا. ئەوان زۆر لە عەرەبەكان دابڕاون. هیچكات لەناویاندا نەتواونەتەوە. لەڕووی جوگرافیشەوە یەكانگیرن. ئەگەریش لەوە دەترسن كوردستانێكی سەربەخۆ ببێت بە خاڵی راكێشانی كوردی پارچەكانی دیكە، سەیری كوردی توركیا بكەن. كاتێك كوردەكانی توركیا باشووری رۆژهەڵاتی توركیا جێدەهێڵن، دەچن بۆ ئیستەنبوڵ، ئیزمیر و مەرسین، واتە نایەن لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێ ببن. كەوابێت ئەوە بۆچوونێكی راست نییە كە دەڵێ بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە ئێران و توركیا دەبێ ئەزموونی كوردی عێراق كۆپی بكەن.

ئەلمۆنیتەر: با بێینەوە سەر عێراق. وەك ئاشكرایە ئەوان ئامادەییان نییە لەگەڵ ئێوە شەڕ بكەن و خۆشیان ئەمەیان گوتووە؟

نێچیرڤان بارزانی: ئەوان ئامادەیی ئەوەیان نییە. ئێستا نییانە. بەڵام ئەگەر ئامادەییەكەشیان هەبێت، ئەمە هیچ چارەسەر ناكات.

ئەلمۆنیتەر: ئایا پێتوایە ئەو هاوكارییەی سەبارەت بە مووسڵ لە نێوان ئێوە و بەغدا هاتووەتە ئاراوە خەریكە جۆرێك لە نیازپاكی دروستدەكات و رێگەخۆش دەكات بۆ ئەوەی وەك مەسروور بارزانی دەڵێت “جیابوونەوەیەكی ئاشتیانە” رووبدات؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لە مووسڵ دوژمنێكی هاوبەشمان هەیە. شكاندنی داعش ئەولەویەتی ئێمەیە، جا هەرچی بێت گرنگ نییە. ئەم دوو پرسە (واتە جەنگی داعش و سەربەخۆیی كوردستان) دوو پرسی جیان.

ئەلمۆنیتەر: لەم نێوانەدا عەرەبە سوننەكان لە كوێی كێشەكاندان؟

نێچیرڤان بارزانی: كۆمەڵگەی سوننی خۆیان دەبێ بڕیار بدەن كە چییان دەوێت، جا ئۆتۆنۆمی هەرێمی یان هەر شێوازێكی دیكە بێت. هەر كاتێك ئەمەیان بۆ روون بووەوە كە چییان دەوێت، شتەكان خۆیان دەكەونە واری جێبەجێبوونەوە. بەڵام كێشەی هەموو لایەنەكان ئەوەیە كە پێناچێت سوننەكان بزانن چییان دەوێت. ئەمە هەستكردنێكە.
ئەلمۆنیتەر: بەڵام ئەوان بەشێك لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان نابن؟

نێچیرڤان بارزانی: نەخێر.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام پێدەچێت هەندێك لە كوردەكانیش نەزانن چییان دەوێت. ئێوە لەنێو خۆتان ناكۆكیی زەق و درێژخایەنتان هەیە، یەكێك لە ناكۆكییەكانیش پەیوەندی بە سەربەخۆییەوە هەیە، بە تایبەتیش لەڕووی كاتی سەربەخۆییەكەوە. چۆن ئەم ناكۆكییانە چارەسەر دەكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: چاوەڕێ ناكەم هیچ كەس یان حیزبێك دژی سەربەخۆیی بووەستێتەوە. هاودەنگییەكی هەمەلایەنە لەسەر ئەم پرسە هەیە. ئەم پرسە لەسەرووی حیزبەكان، سیاسەت و ئەم سەركردە و ئەو سەركردەوەیە. ئەمەش بەو مانایەیە كە هیچ وڵاتێك لە جیهاندا نییە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاوی نابێت و تووشی كێشە نەبووبێت. ئێمە جیاوازی و ناكۆكییەكانمان چارەسەر دەكەین. سەیر بكە، دوو ساڵ لەمەوبەر گەورەترین كێشە كە رووبەڕوومان ببووەوە داعش بوو، واتە كێشەكە ئەوە نەبوو كام مادە لە پەرلەمان چی دەڵێت. داعش 30 كلیۆمەتر لە هەولێرەوە دوور بوو. ئەولەویەتی ئەوكاتی ئێمە جەنگی دژی داعش بوو. ئێستاش رەوشەكە خەریكە وردە وردە گۆڕانی بەسەردا دێت. ئێمە لەو جەنگەدا 1600 پێشمەرگەمان لەدەستداوە. 9000 پاڵەوانی ئێمە بریندار بوون.

بەڵام ئێستا بە هاوكاریی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەتیش ئەمریكییەكان هەموو ناوچەكانی خۆمان كۆنترۆڵ كردووەتەوە. بۆیەش پێموایە ئێستا كاتی خۆیەتی باسی سەربەخۆیی بكەین، دەستیشمان پێكردووە. ئێمە شاندی خۆمان ناردووەتە لای یەكێتیی نیشتمانی و گۆڕان. ئێمە ناكۆكییەكانمان چارەسەر دەكەین. بەڵام بەر لە هەموو شتێك هەموو حیزبێك دەبێ روانگە و داواكاریی خۆی بەڕوونی بخاتەڕوو. جیا لەمە، نابێ بە چاوێكی بچووكەوە سەیری ئەوە بكەین كە ئێستا پێی گەیشتووین. ئێمە پێكەوە حوكمڕانیمان كردووە و ئەمەش ئەو شتەیە كە شتی لەسەر بینا دەكەین.

ئەلمۆنیتەر: بەڵام هەم یەكێتیی و هەمیش گۆڕان دەترسن لەوەی سەربەخۆیی “بارزانیستان”ی لێبكەوێتەوە نەك كوردستان.

نێچیرڤان بارزانی: تێگەیشتنێكی هەڵە هەیە كە پێیوایە بارزانییەكان، واتە پارتی، هەموو شتەكانیان كۆنترۆڵ كردووە. ئەمە تێگەیشتنێكی هەڵەیە. كاتێك مام جەلال لە ساحەكە بوو، ئەمە هیچكات كێشە نەبوو. دەرچوونی مام جەلال لە ساحە سیاسییەكە بۆشاییەكی گەورەی دروستكرد. لە قۆناغێكدا ئێمە پێمانوابوو دەتوانین لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێكبكەوین و ئەویش لە ئەستۆی ئەو كارە دێت و دەتوانێ بۆشاییەكە پڕ بكاتەوە. بەڵام بەڕاستی نائومێد بووین. نە لە یەكێتی و نە لە گۆڕان هیچ كەس خاوەنی ئەو كاریزما و پێگەیە نییە. ئەمە جگە لەوەی ئەوان هەموویان ململانێی یەكدی دەكەن. هەر بۆیە ئەوان ئێمە وەكوو لایەنێكی زەبەلاح دەبینن.

ئەلمۆنیتەر: ئایا بۆ سەربەخۆیی پرس بە توركیاش دەكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: رەنگە ئەوان بەو شێوازە پرسیان پێنەكرێت كە خۆیان حەز دەكەن پرسیان پێبكرێت. بەڵام دواجار توركیاش یەكێكە لەو وڵاتانەی كە دەبێ لەسەر پرسی سەربەخۆیی دیالۆگیان لەگەڵ بكەین.

ئەلمۆنیتەر: ئایا ئەمە دەستی پێكردووە؟

نێچیرڤان بارزانی: بە شێوەیەكی فەرمی دەستی پێنەكردووە.

ئەلمۆنیتەر: لە پلانتاندایە بەشێوەی فەرمی دەستی پێبكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ.

ئەلمۆنیتەر: ئەمە دەكەوێتە خشتەی بەرنامەكانی ساڵی2017ی ئێوە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، بێگومان ئەم پرسەیان لەگەڵ باس دەكەین.

ئەلمۆنیتەر: ئایا پێتوایە سەركردایەتی ئێستای توركیا پێشوازی لەمجۆرە دیالۆگە بكات؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڕای من ئەوەی گۆڕاوە ئەوەیە كە لە رابردوودا ئەم پرسە هێڵی سووری توركیا بوو، بەڵام ئێستا دەرفەتی ئەوە هەیە كە ئەم دیالۆگە دەست پێبكەین و ئەوانیش هیچ نەبێت گوێمان لێبگرن.
ئەلمۆنیتەر: ئەوەی كە توركیا رێگەتان پێدەدات ئێوە بە سەربەخۆ لە بەغدا نەوتی خۆتان هەناردە بكەن ئاماژەیەكە بۆ ئەو گۆڕانە؟

نێچیرڤان بارزانی: بێگومان ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە. ئەمە لەسەرووی خەیاڵی خۆشمان بوو، لە سەرووی هەموو چاوەڕوانییەكانی ئێمەوە بوو، كە توركیا رێگە بەمە بدات.

ئەلمۆنیتەر: ئێوە رۆڵێكی سەرەكیتان لە دەستپێكردنی دانوستاندنەكانی ئاشتی ئۆسلۆ هەبوو لە نێوان پەكەكە و توركیا،  ئامادەن دیسان ئەو رۆڵە بگێڕن؟

نێچیرڤان بارزانی: بێگومان. ئێمە هەموو كات و بە هەر شێوازێك بتوانین ئامادەین بەشداری بكەین لە زیندووكردنەوەی پرۆسەی ئاشتی. بەڵام بەر لە هەموو شتێك پەكەكە دەبێ بە ستراتیژی خۆیدا بچێتەوە. ئەوان دەبێ لەوە تێبگەن كە ئەم كێشەیە لە رێگەی جەنگ و توندوتیژی چارەسەر نابێت. ئەمەش دەبێ ببێت بە بڕیارێكی ستراتیژی، نەك ئەوەی هەر مانۆڕێكی تەكتیكی بێت.

ئەلمۆنیتەر: ئایا هاوڕایت كە توركیاش دەبێ هەمان شت بكات؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، بەڵام ئەگەر پەكەكە بڕیارێكی ستراتیژی بدات كە لە پێناوی گەیشتن بە چارەسەرێكی ئاشتیانە واز لە كاری چەكداری بهێنێت، شتەكان زۆر ئاسانتر دەبن. كوشتنی سەرباز و تەقاندنەوەی بۆمب لە ئیستەنبوڵ ئەم كێشەیە چارەسەر ناكات. بەمە هەردوو لایەنەكە زیانیان بەردەكەوێت. كاتێك ساڵی پار پەكەكە شەڕەكەی هێنایە نێو شارەكانەوە، كێ بەمە زیانی بەركەوت؟ كورد زۆرترین زیانی بەركەوت. كاتی ئەوە هاتووە پەكەكە توندوتیژییەكان بوەستێنێت و ئاگربەست رابگەیەنێت، ئەمەش نابێت تەنیا ئاگربەستێكی كاتی بێت.
ئەلمۆنیتەر: ئەی ئێران؟ ئایا پێویستە لەگەڵ ئێرانییەكانیش بۆ پرسی سەربەخۆیی دانوستاندن بكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: میدیای ئێران هەموو هەلێك بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی بڵێن ئێران دژی سەربەخۆیی كوردە، تەنانەت ئەو كاتەش كە سەربەخۆیی لە ئەجێندادا نەبووە. بێگومان پێویستە لەگەڵ ئێرانییەكانیشدا ئەم گفتوگۆیە بكەین، بەڵام پێدەچێ تەنانەت بەر لەوەی لەگەڵیان دانیشین و باسی بكەین، ئەوان بڕیاری خۆیان دابێت كە دژی سەربەخۆیی كورد بن.

ئەلمۆنیتەر: حیزبە كوردییەكانی ئێران رێی گەڕانەوە بۆ ناوچە سنوورییەكانیان پێدەدرێت، بۆ ئەوەی لە نێوخۆی ئێران چالاكی چەكداری لە دژی رژێمی ئێران ئەنجام بدەن، ئایا ئەمە پەیامێك نییە لە ئێوەوە بۆ ئێرانییەكان؟

نێچیرڤان بارزانی: نەخێر، نەخێر. ئێمە تەواو دژی ئەوەین لە چالاكییە چەكدارییەكاندا ناوچەكانی ئێمە وەكوو پشتی جەبهە لە دژی دراوسێكانمان، لەوانەش ئێران، بەكاربهێنرێن. ئێمە رێوشوێنی زۆر جیدیشمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی رێگە لەمە بگرین. بە بۆچوونی من ئەمە كێشەكە لە ئێران چارەسەر ناكات. كۆمیتەیەكی هاوبەشی ئێران و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پێكهێنراوە بۆ ئەوەی چارەسەری ئەم كێشەیە بكات.

ئەلمۆنیتەر: ئێوە بە قەیرانێكی دارایی گەورەدا تێدەپەڕن، كە بەشی هەرە زۆری كوردستانی عێراقی ئیفلیج كردووە. ئایا رەوشەكە هیچ بەرەو باشتر چووە؟ چی دەكەن بۆ ئەوەی ئەم كێشانە چارەسەر بكەن؟

نێچیرڤان بارزانی: بەر لە هەموو شتێك ئێمە بایەخ بە شەفافیەتی كەرتی نەوت دەدەین، بۆ ئەم مەبەستەش دوو كۆمپانیامان بەكرێ گرتووە: دیلۆیت و ئێرنست & جۆنز. ئەوان بە هەموو چالاكییەكانی پیشەسازیی وزەی داهاتوو، ئێستا و رابردوودا دەچنەوە. هەر ئێستاش دەستیان بەم كارە كردووە.

ئەلمۆنیتەر: ئەی ئەو رێككەوتنی وزەیەی لەگەڵ توركیا كردووتانە؟

نێچیرڤان بارزانی: روون و ئاشكرایە كە ئێمە رێگەیان پێنادەین ئەو رێككەوتنەی ئێمە لەگەڵ توركیا ببینن. بەڵام هەموو شتەكانی دیكە چاودێری و وردبینییان بۆ دەكرێت. شەفافییەتێكی تەواومان دەبێت.
ئەلمۆنیتەر: ئایا ئەمە ئەو پارانەش دەگرێتەوە كە بۆ هەناردەكردنی نەوت لە رێگەی توركیاوە بە بانكی حكومیی هاڵكبانك دەدرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ بێگومان. ئێمە راپۆرتی چاودێری و وردبینی مانگانەمان دەبێت. لە هەمانكاتدا وەزارەتی پلاندانانی ئێمە لە دوو ساڵی رابردوودا لە چەندین بوار لەگەڵ بانكی جیهانیدا كاری كردووە، یەكێك لە بوارەكانیش وەرگرتنی هاوكاری بووە. یەكێكی دیكە لە پڕۆژە گەورەكانمان چاكسازی لە وەزارەتی داراییە، واتە بودجە، باج و هەموو ئەم شتانە. دەتوانم دڵنیاتان بكەمەوە لە ماوەی یەك ساڵی داهاتوودا ئێمە خاوەنی وەزارەتی داراییەك دەبین كە دامەزراوەیەكی كارا دەبێت.

ئێمە جیهاد ئازوور، وەزیری پێشووی دارایی لوبنانمان هێناوە، كە خۆی سەركردایەتی ئەمجۆرە چاكسازییانەی لە لوبنان كردووە و لە مانگی ئاداریشدا دەبێتە ئەندام لە سندووقی نێودەوڵەتیی دراو. ئەو بۆ ماوەی یەك ساڵ و نیو لە هەموو ئەم بوارانەدا یارمەتی ئێمەی داوە، كە یەكێك لەو بوارانە راهێنانی ستاف بووە. ئێمە كەسێمان دەویست خەڵكی ئەم ناوچەیە بێت و لە كولتووری ئێرە تێبگات. بۆ چارەسەری كێشەی پێشمەرگەی وەهمی یان بندیوار، یانیش كەسانی خاوەن دوو یان سێ مووچە سیستەمی بایۆمێتریمان داناوە، بۆ ئەوەی ئەم كارە خراپە نەهێڵین.

ئەلمۆنیتەر: ئایا لە مووچەت بڕاوە؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، بە رێژەی 75%.

ئەلمۆنیتەر: وەك دوا پرسیارم، پەیوەندی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی نوێی واشنتن لە ژێر سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ چۆن دەبینیت؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڕای من ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا مامەڵەیەكی دۆستانە لەگەڵ كورد دەكات. سەركەوتنی ترەمپیش لای من شتێكی سەیر نەبوو. دوو مانگ لەوەبەر بە هاوكارەكانم گوت بزانن، ئەو سەرۆكی داهاتووی ئەمریكا دەبێت. قسەكەشم راست دەرچوو.

 

 

و.رووداو

Back to top button