ئەمڕۆ شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە دەچێتە بەغدا

ئەمڕۆ شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە سەرپەرشتیی وەزیری پێشمەرگە سەردانی بەغدا دەكات، بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و ھۆشیاریی نیشتمانیی وەزارەتی پێشمەرگەش، ئامانجی سەردانەكە بۆ بەغدا، ئاشكرا دەكات.

لیوا بابەكر فەقێ ئەحمەد، بەماڵپەری فەرمی پارتی ڕاگەیاندووە، ئەمڕۆ شاندێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی‌ وەزیری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل، جێگری وەزیری پێشمەرگە، سەربەست لەزگین، نوێنەری دارایی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی بەغدا دەكەن.

ناوبراو راشیگەیاند كە ئامانجی‌ سەردانەكە بۆ بەغدا، لێكتێگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقە، هاوكات تەوەرێكی سەردانەكە بۆ گفتوگۆیە لەسەر كۆنفرانسی ئاسایشی موینشن لە ئەڵمانیا، كە لە كۆنفڕانسەكەدا سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزیری بەرگریی عێراق كۆببوونەوە.
هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتی بەرگریی عێراق سێ تەوەر باسیان لێوە دەكرێت، تەوەری یەكەمیان بۆ بابەتی دارایی وەزارەتی پێشمەرگەیە، بە تایبەت بودجەی ساڵی 2019 و 2020، تەوەری دووەم لەسەر بابەتی ناوچە جێناكۆكەكانە، هەروەها تەوەری سێیەم پەیوەستە بە زانیاری و ئاڵوگۆڕكردنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق‌ لەسەر جموجۆڵی داعش.
Back to top button