جه‌مال كۆچه‌ر: لە دوو ڕۆژی داهاتوو به‌غدا پاره‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌نێرێت

ئەندامێكی شاندی دانوستانكاری هەرێم لەگەڵ محەمەد تۆفیق عەلاوی ئاشكرایدەكات: سەرۆكی راسپێردراوی پێكهێنانی حكومەتی تازەی عێراق بەڵینی داوە مووچە و بودجەی هەرێم بی كێشە مانگانە دەنێردرێت، دەشڵێت: “لەماوەی كەمتر لە دوو رۆژی داهاتوو پارەكەی بەغدا دەخرێتە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ محەمەد عەلاوی لێكتێگەیشتنی باش هەبووە لەبارەی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناوبراو بەڵێنی داوە مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێردرێت.

كۆچەر زیاتر رایگه‌یاندووه‌: هەندێ جار لە سیستمی دارایی عێراق خەرجكردنی پارە دوا دەكەوێت و پێدەچێت تا 25ی ئەم مانگە پارەكەی بەغدا بخرێتە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی وئابووری هەرێم.

بەپێی رێككەوتنی نێوان حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستان بێت، ئەوا بەغدا مانگانە 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش 360 ملیار دینار لە داهاتی نەوتی دەخاتە سەر، وەزارەتی داراییش 60 ملیار، لەگەڵ 25 ملیاری كۆمەكی ئەمەریكییەكان بۆ هێزی پێشمەرگە، مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانی پێ دابین دەكرێت.

 

Back to top button