یەکەم حالەتی تووش بووی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق تۆمارکرا

دوای ئەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جیهان بڵاو بوویەوە بە تایبەت لە ئێران و کوێت، ئەمرۆ یەکەم حالەتی تووش بوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری نەجەف لە عێراق تۆمارکراوە.

رەزوان کیندی، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی تەندروستی نەجەف ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند”  ئەمڕۆ پشکنین بۆ چەند کەسێک ئەنجامدراوە لە ئەنجامی پشکنینەکان دەرکەوتووە کە یەکێک لە قوتابیانی زانستە ئایینییەکان، کە هاووڵاتییەکی ئێرانە و پێش بڕیاری شانەی قەیران تایبەت بە قەدەغەی هاتنی گەشتیاران لە ئێرانەوە هاتووەتە عێراق، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە”.
ئەو بەرپرسەی تەندروستی نەجەف گوتیشی ” ئەو کەسەی حالەتەکەی  تێدا دەرکەوتووە، چەند رۆژێک پێشتر رەوانەی نەخۆشخانە کرابوو و جیاکرابووەوە و لە ژێر چاودێری تەندروستیدایە”.
سەرەتای ئەم هەفتەیەش وا بڵاوکرایەوە کە لە پارێزگای زیقار کەسێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، بەڵام دواتر بەرپرسانی پارێزگاکە رایانگەیاند، پاش ئەنجامدانی پشکنین دەرکەوتووە کە ئەو کەسە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەبووە.
Back to top button