پەرلەمانی عێراق پێویستە ناوی راسپێردراوان بۆ وەزارەتەکانی کابینەی نوێ ٤۸ کاتژمێر پێش کۆبوونەوە بگاتە پەرلەمان
دوای ئەوەی محەمەد تۆفیق عەلاوی راسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، بە گوێرەی زانیاریەکان کابینەی عەللاوی ئامادەیەو پەرلەمانی عێراقیش ڕایدەگەیەنێت دەبێت٤۸ کاتژمێر پێش سازدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان لیستی وزیرەکان بگات بە پەرلەمان.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە ئەمڕۆ بڵاوی کردۆتەوە ڕایدەگەیێنێت ، ئەمڕۆ ئەندامانی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عیراق كۆبونەتەوە و بڕیاریان داوە كاتژمێر 1ی نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممەی داهاتو 27-2-2020 پەرلەمان كۆببێتەوە بۆئەوەی متمانە بە كابینەكەی محەمەد تۆفیق عەللاوی بدات، بەڵام بەو مەرجەی 48 كاتژمێر پێش دانیشتنەكە سی ڤی وەزیرە كاندیدەكان و پرۆگرامی حكومەتیش بە پەرلەمان بگات.
هەروەها پەرلەمان داوا لە عەللاوی دەکات پەلەبکات لە ناردنی سی ڤی وەزیرەكان و پرۆگرامی كاری حكومەتەكەی.
ئەمە لەکاتێکدایە كەناڵی تەلەفزیۆنی ئەلعیراقییە بڵاویكردەوە، كە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پرۆگرامی حكومەتی نوێی عیراق گەیشتوەتە سەرۆكایەتی پەرلەمان.