سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە

 

 

لە دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی سێ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ سەرکرادیەتی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم ، ڕاگەیەندراوێک بۆ ئاگاداری گشتی لە سەر ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە بڵاو کرایەوە .

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکە

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 24/2/2020 به‌ سه‌رۆكايه‌تيى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و ئاماده‌بوونى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و سه‌رۆك وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان و سه‌ركرده‌ى لايه‌نه‌ سياسييه سه‌ره‌كييه‌كان، به‌ به‌شداريى شاندى دانوستانكارى هه‌رێمى كوردستان بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى داهاتووى حكومه‌تى فيدراڵى عێراق، كۆبوونه‌وه‌يه‌ك ئه‌نجام درا.

 

كۆبوونه‌وه‌كه‌ تايبه‌ت بوو به‌ خستنه‌ڕووى ده‌ره‌نجامه‌كانى سه‌ردانى شاندى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان بۆ به‌غدا و گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌ عێراقييه‌كان و محه‌مه‌د عه‌للاوى، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌تى داهاتوو.

 

دواى گفتوگۆ و هه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌نجامى سه‌ردانى شانده‌كه‌، له‌ ڕوانگه‌ى په‌رۆشى بۆ دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر بۆ دۆخى ئێستاى عێراق و به‌شدارييه‌كى كارا له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، كۆبوونه‌وه‌ گه‌يشته‌ ئه‌م ده‌ره‌نجامانه‌ى خواره‌وه‌:

 

1- كار بۆ پێكهێنانى حكومه‌تێك ده‌كه‌ين، كه‌ تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ئێستاى عێراقى هه‌بێت و كارى جددى بۆ گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگيرى بۆ عێراق و ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خته‌ بكات و جێگه‌ى بڕوا و متمانه‌ى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق بێت.

 

2- ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى تا ئێستا له‌لايه‌ن عه‌ڵلاوييه‌وه‌ نراون بۆ زۆرێك له لايه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق جێگه‌ى دڵنيايى و متمانه‌ نين، بۆيه‌ داوا ده‌كه‌ين كه‌ پێويسته‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ شێوازى كار و به‌رنامه‌كه‌يدا بكرێته‌وه‌، به‌ جۆرێك كه‌ حكومه‌تى ئاينده‌ داخوازيى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق، بهێنێته‌ دى.

 

3- داكۆكى و پێداگرى له‌سه‌ر پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ينه‌وه‌‌، پێكهاته‌كانى كوردستان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نها لايه‌نى شه‌رعيى بڕيارده‌رن له‌ ده‌ستنيشانكردنى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكومه‌تى فيدراڵى له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شيى ڕاسته‌قينه‌ى نيشتمانى و هاوسه‌نگى و سازان.

 

4- ئێستا عێراق ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دياتى گه‌وره‌ى ناوخۆيى و ده‌ره‌كى بووه‌ته‌وه‌ و به‌ وه‌رچه‌رخانێكى مه‌ترسيدارى مێژووييدا تێده‌په‌ڕێت، بۆيه‌ داوا ده‌كه‌ين كه‌ پێويسته‌ سه‌ركرده‌ سياسييه‌كانى عێراق له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنيشن و بگه‌نه‌ بڕيارێكى يه‌كگرتووى نيشتمانى.

 

5- له‌پێناو هێنادى ئه‌م ئامانجانه‌دا، شاندى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى ديكه‌ى عێراق، له‌ گفتوگۆ و ڕاگۆڕينه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

Back to top button