راگەیاندراوێك لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەبارەی تەقینەوەكەی بەردەم بارەگای حدك

خواكوڕك
 
ئەمرۆ 26ی 12ی 2016 دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە لەبارەی تەقینەوەی بەردەم بارەگای دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتی كوردستان، لە راگەیاندراوەكە دا هاتووە، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكە كراو سەرەداوی باش بەدەست هاتن لەسەر بنەمای زانیاری ووردو بەڵگەو دۆكۆمێنتەكانی پشت ڕووداوەكە دەزگای ئاسایش توانی دوو كەسی تۆمەتبار بەگومانی تێوەگلان لە تاوانەكە دەستگیربكات بە ناوەكانی (ش.ع) لەگەڵ (پ. گ ) , بەپێی مادەی (2 ) لە یاسای ژمارە ( 8 ) ی ساڵی 1992 ی پەرلەمانی كوردستان .
 
دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەراگەیاندراوەكەشدا ئاماژە بە رووداوەك دەكات و دەلێت دوای ڕووداوی تەقینەوەكانی شەوی 20\21 / 12/2016 لە نزیك بارەگای حیزبی دیموكراتی كوردستان ( حدك ) لە شارۆچكەی كۆیە بەبڕیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی باڵای لێكۆڵینەوە پێكهێنرا لە ژێر چاودێری بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوە و بەئەندامێتی بەرێوبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی هەولێر ,بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی , بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لیژنەی لێكۆڵینەوە بەسەرپەرشتی سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەست بەكاربوون.
 
هەر لە روونكردنەوەكەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان دا هاتووە، ڕەوتی لێكۆڵینەوەكان بەردەوامی هەبوو لە ئەنجامدا دەزگای ئاسایشی هەرێم بكەری سەرەكی ئەنجامدەری ئەم ڕووداوەی ئاشكرا كردو دوای دۆزینەوەی ناسنامەو زانیاری كەسێتی ئەنجامدەری تاوانەكەو دەستگرتن بەسەر كەلوپەلی تایبەت بە تۆمەتباری ناوبراو كە هەڵهاتوە , هەوڵەكان چڕكراونەوە بۆ دەستگیركردنی ناوبراو .
 
لە كۆتایش دا دەزگای ئاسایش دەلێت، ڕای گشتی ئاگادار دەكەینەوە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بەردەوامەو لەكاتی گەیشتنمان بە ئەنجامی كۆتایی ڕاستیەكان ئاشكرا دەكەین
 
Back to top button