پاكستان هۆشدارییەكی ئەتۆمی ئاراستەی ئیسرائیل دەكات
خواكوڕك
دوای ئەوەی وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی سڕینەوەی پاكستانی كرد ئەگەر دەستوەردان لە سوریا بكات, بەرپرسێكی باڵای پاكستان بە توندی وەڵامی ئیسرائیل دەداتەوە دەڵێت:” بەبیری ئیسرائیلییەكانی دەهێنمەوە كە وڵاتەكەمان خاوەنی چەكی ئەتۆمیە”
خواجە محەمەد ئاسف وەزیری بەرگری پاكستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر وەڵامی موشیە یەعلون وەزیری بەرگری ئیسرائیلی داوەتەوەو رایگەیاندوە:” وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی سڕینەوەی پاكستانی كردوە گەر دەستوەردان لە سوریا بكات، بەڵام بیری چوە پاكستانیش وڵاتێكە خاوەنی چەكی ئەتۆمیە.
تویتەكەی وەزیری بەرگری پاكستان كاردانەوەی بەرفراوانی لەمیدیاكان و وڵاتانی رۆژئاوا بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەوەش وا لە وەزیرەكەی پاكستان دەكات لە تویتەر پۆستێكی تر بنوسێت و بڵێت،بەرنامەی ئەتۆمی پاكستان هێزێكە بۆ وەڵامدانەوەو بەرگریكردن و ئەوان دەیانەوێت بەئاشتیانە لەناوچەكەو دەرەوە بژین.
شایەنی باسە لە 20ی كانونی یەكەم پێگەی ئەلكترۆنی(ئەی دەبلیو دی نیوس) لەزاری وەزیری بەرگری ئیسرائیلەوە بڵاویكردبۆوە گەر پاكستان هێزی دەریایی رەوانەی سوریا بكات, ئەوا بەچەكی ئەتۆمی لەسەر زەوی دەیسڕنەوە, بەڵام دوای وەڵامە توندەكەی پاكستان، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ناوەرۆكی راپۆرتی پێگە ئەلكترۆنیەكەی رەتكردەوە.