گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی پشووی فەرمی بڵاو کردەوە

گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا روونكردنەوە لەبارەی پشووی فەرمی لە ناوەندەكانی خوێندن دەدات.

ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەیە:.

دوابەدوای كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەن ژمارەیەك بڕیاری پەیوەست بەپشووی ناوەندەكانی خوێندن دەركرد، لەم بارەیەوە بەپێویستمان زانی ئەم رونكردنەوەیە لەبارەی ئەم بابەتەوە بخەینەڕوو.

پشووەكان بەم شێوەی خوارەوە دەبێت:

١. لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و باخچە و قوتابخانە و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی و ناحکومی / ئەهلی) لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٠/٢/٢٦ تاوەکو ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٠/٣/١٠ دەبێتە پشووی فەرمی، و (ڕۆژانی ١١ – ٢٠٢٠/٣/٢٣ پشووی ساڵانەی خوێندنە لە بەهار)، و ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٣/٢٤ خوێندن لەو شوێنانە دەستپێدەکاتەوە.

٢. لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (حکومی و تایبەتەکان) لە ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٠/٢/٢٩ تاوەکو ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتـی ٢٠٢٠/٣/٣١ دەبێتە پشـووی فەرمی (کە ڕۆژانی ١١ – ٢٠٢٠/٣/٢٣ لەخۆ دەگرێت وەک پشووی ساڵانەی خوێندن لە بەهار)، و ڕۆژی چوارشەممە ٢٠٢٠/٤/١ خوێندن لەو شوێنانە دەستپێدەکاتەوە.

٣. بەڕێزان هەردوو وەزیری پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەسەڵاتی قەرەبووکردنەوەی ئەو ڕۆژانەیان هەیە کە بە پشوو ئەژمارکراون بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠١٩ – ٢٠٢٠.

٤. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەسەڵاتی ڕێکخستنەوەی دەوامی دایەنگە و خوێندنگە و پەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتیان پێ دەدرێت بە ڕەچاوکردنی بڕگەکانی ئەم بڕیارە و مەبەستەکانی دەرچوونی.

د.جوتیار عادل

گوتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان

٢٠٢٠/٢/٢٦

 

Back to top button