مامۆستایانی ناڕازی بەمەرج بایكۆت دەشكێنن
خواكوڕك
دوای زیاتر لە دوومانگ بایكۆتكردنی هۆلەكانی خوێندن, دواجار مامۆستایانی ناڕازی بڕیاریاندا مەرجەكانیان بۆ شكاندنی بایكۆت لە پرۆژەیەكی پێنج خاڵیدا ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن.
ئەمرۆ دوو شەممە 26/12/2016 بەمەبەستی بڕیاردان لە هەڵوێستی ئایندەیان لەسلێمانی, ئەنجومەنی مامۆستایانی ناڕازی و ئەنجومەنی بەڕێوەبەرەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی و نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی، هەڵەبجە، كەلار، سەیدسادق، دەربەندیخان، رانیە و قەڵادزێ و چەمچەماڵ كۆبونەوە.
مامۆستایانی ناڕازی لەكۆبونەوەكەدا دوای شەش كاتژمێر لە گفتوكۆ گەیشتونەتە پرۆژەیەكی پێنج خاڵی و بڕیارە لەداهاتوودا ئاراستەی لایەنە پەیوەندییدارەكانی بكەن و گەر خاڵەكانی پرۆژەكە جێبەجێبكرێن بایكۆت دەشكێنرێت, بە پێچەوانەشەوە درێژە بە خەباتی مەدەنی دەدەن.