پارتی پرۆژەیەكی نوێی بۆ سێ‌ سەرۆكایەتییەكە ئامادەكردووە

خواكوڕك

لەگەڵ دەستپێكردنەوەی گەڕێكی دیكەی دانوستان‌و سەردانی كردنی چەندین لایەنی سیاسی لە لایەن پارتیەوە, ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ئاشكرای دەكات كە بڕیارە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببێتەوە بۆ ئەوەی پرۆژەیەك ئامادەبكات و لەگەڵ لایەنەكان دانوستاندنی لەسەر بكات.

ئاراس حەسۆ میرخان، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بە رووداوی راگەیاندبوو:” مەكتەبی سیاسی پارتی كۆدەبیًتەوە, كۆبوونەوەكەش تەنها بۆ تاوتوێكردنی پرۆژەیەكە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكان، “هەوڵیش دەدەین بە راوێژ لەگەڵ یەكێتی پرۆژەیەك ئامادە بكەین”.

تۆڕی میدیایی رووداو چەند زانیاریەكی بڵاو كردوونەتەوە كە بە پێی ئەو زانیایانە پڕۆژەكەی پارتی 3 سەرۆكایەتیەكەی هەرێم دەگرێتەوە, پڕۆژەكە بەم شێوەیەی خوارەوەیە.

بەگوێرەی پرۆژەكەی پارتی، دانوستاندنەكان بۆ ئەوە دەبن حكومەتێكی تازە دروست بكرێت و سەرۆكەی لای پارتی و وەزارەتەكانیش بە پێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن لەنێوان لایەنەكان دابەش بكرێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا پارتی ئامادەیە دەستبەرداری وەزارەتی سامانە سرووشتیەكانیش ببێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، پارتی لەگەڵ ئەوەیە بە رێككەوتنی لایەنەكان كەسێك بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان دیاری بكرێت و پەرلەمان یاسایەكی تایبەتی بۆ دەربكات.

پرۆژەیەی پارتی تاوەكو هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانە، كە بەپێی یاسای هەڵبژاردن بڕیارەی ساڵی 2017 بەڕێوەبچێت.

Back to top button