پەکەکە شنگالی دەوێت، یان چیای شنگال؟

ڕاپۆرتێکی شیکاری :زاگرۆس غەریب.
چیای شنگال بە درێژایی (13) کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای عێراق و دووری لە وڵاتی سوریاوە تەنھا (77) کیلۆمەترە، بەرزترین شوێنی چیاکە، لوتکەی (چل مێرا) یە کە بەرزییەکەی لە ئاستی رووی دەریاوە (1470)مەترە. (چل مێرا) ئەو ناوەیە کە لای بەشێکی زۆری کورد نامۆیە، بەڵام لای ئیسرائیلییەکان نا! چونکە (چل مێرا) ئەو شوێنەیە کە لە سەروبەندی جەنگی کەنداودا عێراق (39) موشەکی گرتە ئیسرائیل، وەک وەڵامێک بۆ ھێرشەکانی ھاوپەیمانان کە لە کاردانەوەی داگیرکردنی وڵاتی کوێت، کردیانە سەر عێراق. سەرەکیترین ھۆکاری دەستنیشانکردنی چیای شنگال بۆ ھاویشتنی موشەک بەرەو ئیسرائیل دەگەڕێتەوە بۆ ھەڵکەوتەی جوگرافی چیاکە، چونکە نزیکترین خاڵی عێراقە بۆ ھێرشکردنە سەر ئیسرائیل، بەو پێیەی ھاوسنووری سوریای دراوسێی ئیسرائیلە!
پەکەکە بە نرخی گیانی خۆی چیای شنگالی دەوێت!

دوای ئازادکردنی شنگال لە دەستی داعش، ھەموو ھەوڵی پەکەکە دەستبەسەرداگرتنی چیای شنگال بوو، بە شێوەیەک پێداگیربوون کە چەندین جار (پ.د.ک) نەرمی بەرانبەر ئەو بابەتە نواند، ئەگەرنا ئێستا لەمێژبوو شەڕی نێوان ئەو دوو حیزبە ھەڵگیرسابوو. بوونی ھێزی چەکداری پەکەکە لە شنگال ناڕەزایی بەرپرسانی حکوومی وخەڵکی ناوچەکەی لێکەوتۆتەوە، بەڵام پەکەکە بەنرخی گیانیشی بێت، نایەوێت دەستبەرداری ئەو ناوچەیە ببێت، تەنانەت گەر کاربگاتە شەڕێکی دیکەی براکوژی! بەڵگەش دوایین لێدوانی بەرپرسە سەربازییەکانی پەکەکەیە، کە ھەڕەشەی کردنەوەی ئاگری نەورۆز لە سەری رەش دەکەن!
حکوومەتی عێراقی مووچەیان دەداتێ!
خەڵکی ناوچەکە بە شێوەیەکی ئاشکرا پشتگیرییەکانی حکوومەتی عێراقی بۆ چەکدارانی پەکەکە بەدیدەکەن و بەرپرسە سەربازییەکانی ئەو حیزبەش نکۆڵی لەو پرسە ناکەن. لە لێدوانێکدا بۆ رووداو سەعید حەسەن بەرپرس لە یەکەی بەرگری شنگال(YBS) نایشارێتەوە کە مانگانە مووچەی (500) چەکدارییان لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە دەدرێت، کە بۆ ھەر چەکدارێک بڕی (875)ھەزار دیناری عێراقی دابیندەکرێت.
چیای شنگال بۆکێ گرنگە؟

گەر پرسیاری ئەوە بکەین چیای شنگال بۆ خودی پەکەکە گرنگە؟ دوای تاوتوێ کردنی رەھەندە ئابووری وسیاسی و سەربازییەکان، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە لە ھیچ روویەکەوە گرنگییەکی ئەوتۆی نیە بۆ ئەو حیزبە!بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی نەخشەی سەبازی درک بەوە دەکەین کە لوتکەی (چل مێرا) ھێندەی (بەرزاییەکانی جۆلان) بۆ ئێران گرنگە! بۆچی؟ بە بڕوای من خۆی لە دوو ھۆکاردا دەبینێتەوە، یەکەمیان بۆ ئەوەی دەستی بگات بە ئیسرائیل(ھەردەم ھەوڵی ئێران دەستڕاگەیشتن بووە بە ئیسرائیل)، دووەمیان بە ئاسانی پاڵپشتییە سەربازییەکانی ئێران دەگاتە نێوخاکی سوریا(ئەو ئاواتەی کە لە مێژە ھەرێمی کوردستان بۆ ئێرانی ناھێنێتە دی)!
گەر پەکەکە چۆڵی نەکات ئەنجامەکە بۆی باش نابێت.
لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا جۆن کێربی زەنگی ئاگادارکردنەوە بوو بۆ پەکەکە، چونکە بوونی ھەر مەترسییەک لەسەر ئیسرائیل بە مەترسی سەر ئەمەریکاش ھەژمار دەکرێت، بۆیە بەشێوەیەکی راشکاو رایگەیاند پەکەکە لەناو لیستی تیرۆری ئەمەریکادایەو نابێت ھیچ رۆڵێکی لە شنگالدا ھەبێت. لێدوانەکانی ئەمدواییەی بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێم لێدوانی حیزب یان تاکە لایەنێکی ناوخۆیی نین، بەڵکو ئەمە دیدگای ئەمەریکاو ئیسرائیلە لە سۆنگەی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە و دورخستنەوەی مەترسیی لەسەر وڵاتانییان، لە دوایین سەردانی وەفدی ئەمەریکاش بۆ ھەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی راشکاوانە بەرپرسانی ئەمەریکی ئاماژەیان بەو مەترسییە داوە!
ئیسرائیل دەستناپارێزێت لەکەس!
ھێرشیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق بۆسەر میسر،سەر لوبنان، ھێرشەکانی سەر سوریا… ئەمانە ھەمووی بەڵگەی ئەوەن ئیسرائیل وڵاتێک نیە بتواندرێت یاری بە ئاساییشەکەی بکرێت، گەر لە ھەرێمی کوردستان یان عێراقیشەوە ئەو مەترسییە دروستببێت، گومان ناکەم لێی نەدرێت!
لە ساڵی 1991 سەددام 39 مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، لە ساڵی 2006 کە سەددام لە سێدارە درا، (39)گرێ بە پەتی سێدارەکەیەوە بوو، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو موشەکانەی ئاراستەی تەلئەبیبی کرد!

Back to top button