واده‌ی گه‌شتنی پاره‌كه‌ی به‌غدا بۆ هه‌رێم ئاشكرا كرا

ئەو پارەیەی بەغدا بەپێی ڕێككەوتن بۆ هەرێمی كوردستان مانگانە دەینێرێت، بەهۆی چەند كێشەیەك ماوەی 12 ڕۆژە نەهاتووە و سبه‌ی یەك شەممه‌ پارەكە دەگاتە بانكەكانی هەرێمی كوردستان.

رێبوار کەریم مەحمود، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لەهه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فەیسبووک نووسیوێتی “پارەی ئەم مانگە لەبەغداوە هاتووەو لەرۆژی یەکشەممە ۱ی ئازار لەژێر دەستی هەرێمدا دەبێت”.

هه‌روه‌ها روونیشیكردووه‌ته‌وه‌ “هەرێم رایگەیاندووە ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت بەشی موچە ناکات و خۆی پارەی تری دەخاتەسەر، کەواتە تا ئەو پارەیە دێت بۆ خۆی لەوەی کە دەیخاتەسەری موچەی چەند شوێنێک دابەش دەكات”.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی رابردوودا موچه‌ی چه‌ند وه‌زاره‌تێكی دابه‌شكردووه‌و هێشتا هه‌ندێك وه‌زاره‌ت موچه‌ی وه‌رنه‌گرتووه‌.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

 

 

Back to top button