كۆسرەت رەسوڵ : لەگەڵ پەكەكە نین
خواكوڕك
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەدیمانەیەكی دا لەگەڵ رۆژنامەی( کۆڕێری دێلە سێرا) دا دەلێـت دەوڵەتی كوردستان بۆمن خەون نیە راستەقینەیە، دەلێت کە ئێستا بەهۆی قارەمانێتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانەوە، ”هەموو جیهان ئاگاداری خەباتی گەلی کوردە و هەولێریش لەسەر نەخشەی جیهانە“.
كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری یەكێتی نیشتمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، بە پێویستی دەزانێ رێککەوتننامەیەکی نوێ بۆ دابەشکردنەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێبەجێ بکرێت، تاوەکو هەموو میللەتان بە تایبەت گەلی کوردستان بە ئازادی و سەربەخۆیی بژین، ”پێویستمان بە لۆزانێکی نوێ هەیە، کوردستان ناکرێ بەم شێوەیە بەردەوام بێت“.
هەروەها دەلێت، کە سەربەخۆیی کوردستان و دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان بۆ ئەو خەون نییە، ”کوردستانێکی ڕاستەقینە دەبینم“، کە لەسەر شێوەی وڵاتانی رۆژئاوا دابمەزرێ نەک وڵاتانی عەرەبی، چونکە لە وڵاتانی عەرەبی ”دیموکراسی نییە“ دەشلێت دوای کۆتایی هاتنی شەڕی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، ”یەکەم هەنگاو“ی پارتە کوردستانییەکان واژۆکردنی پەیماننامەیەک دەبێت، بۆ کۆکردنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر یەک فەرماندەیی و هیواش دەخوازێت هێزەکانی پێشمەرگە ”بە چەکی نوێی ئەوڕوپی پڕچەک بکرێن“.
هەروەها جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی شەڕ دژی داعش ئاماژە بەوەش كردووە، کە پێشمەرگە و وڵاتانی ئەوروپی لە یەکە بەرە دژی ”تیرۆریستان“ شەڕ دەکەن، ”شەڕی ئێمە تەنھا بۆ کورد نییە، بۆ ئێوەشە“.
لەكۆتایشدا جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی رەخنەی تووند لە رەجەب تەییب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا دەگرێت، کە داعش و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەک یەک دادەنێت، لە هەمان کاتدا رایگەیاندووە، کە ”ئێمە لەگەڵ خەباتی چەکداری پەکەکە نین“ و داوای گفتوگۆ و دانوستاندن لە پەکەکە و دەوڵەتی تورکیا دەکات.