حەسەن شەریف كۆبەرهەمی (ئاوازێن شۆڕەشێ) بڵاو دەكاتەوە

لە كۆبەرهەمێكدا كە زۆربەى سروود و گۆرانیە نەتەوەیی و نشتیمانیەكانی لەخۆ دەگرێ، بە ناوى (ئاوازێن شۆڕەشێ)، هونەرمەندی پێشمەرگە (حەسەن شەریف) ئەلبوومێكی تازەى بڵاو كردەوە بە سپۆنسەریی هونەردۆست (زیندان مووسا ئۆرەیی) و دیزاینكردنی نووسەر و رۆژنامەڤان (عیسا بۆتانى) و تەكنیكی دەنگ و ریكۆرد و چاپ هونەرمەند(هاروون ئاتامان).

ئەم بەرهەمەى سترانبێژ حەسەن شەریف بیست و هەشت تراك لەخۆ دەگرێ و لەسەرجەم ئەو سروود و گۆرانیانە پێكهاتووە كە لە دواى سەرهەڵدانەوە بۆ نشتیمان و بەرخودان و كوردایەتى و خۆشەویستی كورد و كوردستان چڕیویەتى، ئاوازێن شۆڕەشێ چەپكە گۆرانیەكە بۆنی ساڵانی خەبات و چەرمەسەرى و خەونی ئازادبوون و سەرفرازی لێ دێ.

لەسەر كەڤەرى ئەلبوومەكە حەسەن شەریف نووسیویەتى” ئەم ئەلبوومە؛ لە گۆرانیە نەتەوەییەكانى ئێمە پێكهاتووە، كە بە درێژایی سی و ساڵ لەناو بەرهەمەكانى پێشوومدا گوتوومە، بەم كۆبەرهەمە ویستمان رەنجى چەندین ساڵەى خۆمان لە بوارى هونەرى شۆڕەش و بەرخودان و وەلاتپارێزی بكەینە دیارى بۆ بیسەران و تێكڕاى گەلی خۆمان، لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێپایانی خۆم ئاراستەى براى دڵسۆزم زیندان مووسا ئۆرەیی بكەم كە سپۆنسەریی و تێچووی بەرهەمەكەى لەئەستۆ گرت، ئەگەر رەنج و خەمخۆری و دڵسۆزی ئەو نەبا ئەم كۆبەرهەمە رووناكی نەدەبینی. هەروەها سوپاسی بێپایان بۆ رۆژنامەڤان و دیزاینەرى دەستڕەنگین كاك عیسا بۆتانى كە زۆربەى گۆرانیەكانى ئامادەكرد و كەڤەرى ئەلبوومەكەى بە جوانترین شێوە نەخشاند، دیسان پێمخۆشە سوپاسی هاوڕێی هونەرمەندم كاك هاروون ئاتامان بكەم كە لە رووى تەكنیكی دەنگ و چاپكردن و رێكحستنی گۆرانیەكان لێهاتوویی خۆی نواند”.

حەسەن شەریف ئەوەشی گوتووە كە “هونەر و ستران بە هێزی ئافراندن دەتوانن پارچەكانمان كۆ بكەنەوە، گۆرانی تەنیا هەڵڕشتنی حەسرەت و هیوا نیە، بەڵكو دەتوانێ مرۆڤ و نشتیمان بۆ یەكتری بنیات بنێ”.

لەبارەى بەرهەمهێنانی ئەلبوومەكەش، زیندان مووسا دەڵێ” ئێمە دەمێكە شەیداى هونەرى شۆڕش و بەرخودانین و زۆر حەزمان لە دەنگ و سەداى هونەرمەندی پێشمەرگە حەسەن شەریفە، ساڵانێكە گوێبیستى ئەم هونەرمەندە مەزنەین، وەك هونەردۆستێك ویستم خزمەتێك پێشكێشی گەلەكەم و هونەرى رەسەنى نەتەوەكەم بكەم، ئەوەبوو هەستاین بە كۆكردنەوەى سەرجەم سروود و گۆرانیە نەتەوەیی و نشتیمانیەكانى حەسەن شەریف لە كۆبەرهەمێكدا كە دوو (سی دی) لەخۆ دەگرێ، بە دیزانێكی جوان و كوالیتیەكی بەرز لە ئەستەنبۆڵ چاپ و بەرهەمهات، لە هونەرمەند و بیسەران و هەمووان پیرۆز بێ، پەنا بەخوا لە داهاتوودا كارى جوانتریش بۆ حەسەن شەریف دەكەین، ئەو دەنگی شۆڕش و بەرخودان و دۆزی نەتەوەییمانە”.

شایانی وەبیرهێنانەوەیە، حەسەن شەریف وەك هونەرمەندێك لە سەرەتاى هەشتاكانى سەتەى رابردوو بەهۆی هەڵوێستى كوردانە و نشتیمانپەروەرانەى خۆیەوە، كە هەمیشە لە ئاهەنگ و كۆڕ و كۆبوونەوەكان گۆرانی شۆڕشگێڕی دەگوتەوە، پیاوانى رژێمی بەعسی لەناوچوو بەدوایەوە بوون و دەیانویست دەستەسەرى بكەن، بەڵام ئەو دەتوانێ رزگارى ببێ و پەیوەندی بە ریزەكانى پێشمەرگە و شۆڕشی كوردستانەوە بكات و هونەر و هەڵوێستى خۆى لە پێناو كورد و كوردستان درێژە پێبدا، لەو ماوەیەدا و هەتا ئێستا دەیان بەرهەم و سروود و گۆرانی بۆ خاك و ئازادی و خەون و ئامانجەكانى گەلى كوردستان بە دەنگە زوڵاڵەكەى چڕیوە.

 

Back to top button