وەزارەتی سامانە سروشتیەكان وەڵامی بەڵگەنامەكەی ماڵپەری ویکیلیکس دەداتەوە

خواكوڕك
 
لە راگەیێندراوێکدا کە رۆژی سێشەممە 27ی12ی 2016ی بڵاو كراوەتەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەكان، رادەیگەێنێت “جێگەی داخە ئەو ئیمەیلانە کە هەڵگری زانیاری هەستیاری بازرگانین لە ماڵپەری ویکیلیکس بڵاوبوونەتەوە لە راگەیاندراوەكەشدا هاتووە هەرچەندە ئەو ئیمەیلانە دەریدەخەن کە چۆن وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لەم کاتانەدا کە هەرێمی کوردستان بە قەیرانێکی ئابووری تێدەپەرێت”.
 
لە راگەیاندراوەكە دا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان رایدەگەێنێت،”هەرچۆن لەبەردەم رای خەڵکی روون و ئاشكرایە هەرێمی کوردستان و تورکیا سەبارەت بە وزە رێککەوتنی ستراتیژییان هەیە، پەیوەندی نێوان وەزیری سامانە سرووشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوتا تورکەکە بەشێکە لەو رێککەوتنە”. 
 
هەروەها لەراگەیاندراوەكەدا هاتووە “لە ئیمەیلەکەیدا، وەزیری سامانە سرووشتییەکان داوای یارمەتی زیاتری لەلایەنی تورکی کردووە و هەندێ بژاردەی پێشنیازکردووە، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرزەکانی چارەسەربکات و سەرمایە بۆ کۆمپانیا تورکییەکان دەستبخات بۆ ئەوەی پرۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان تەواو بکەن و بارودۆخێکی براوە-براوە برەخسێنێت بۆ هاوکارییە دوولایەنەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا لە بواری وزەدا وەک چۆن پێشتر لەسەری رێککەوتوون”. 
 
لەكۆتای راگەیاندراوەكەشدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رەتیدەکاتەوە کە هیچ رێککەوتنێک لەسەر ئەو پرسە کرابێت و رایدەگەیێنێت: “ئەوەش بەشێک بووە لە رێککەوتنی 2013 ی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تورکیا کە بە ئاگاداریی تەواو و راسپاردەی راستەوخۆی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە. هێشتاش هیچ رێککەوتنێکی کۆتایی لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە”.
Back to top button