محەمەد حەلبوسی تەنها سبەی لەبەردەم عەللاوی ماوە

 

 

 

ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق دانیشتنی متمانه‌ به‌خشینی به‌ كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی دواخست پاش ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان ڕایانگه‌یاند كه‌ ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نابن و ده‌نگ به‌ كابینه‌ پێشنیازكراوه‌كه‌ ناده‌ن.

له‌ دانیشتنه‌کەدا  كه‌ ڕێژه‌ی یاسایی ئاماده‌بوونی ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌ن ته‌واونه‌بوو محه‌مه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌ن له‌ وته‌یه‌كدا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی ته‌نیا ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی له‌ به‌رده‌مدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی متمانه‌ی فراكسیۆنه‌ سیاسییه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت و متمانه‌ به‌ كابینه‌كه‌ی بدرێت.

له‌ كۆی سێ سه‌دو بیست و نۆ ئه‌ندام له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ته‌نیا سه‌دو هه‌شت ئه‌ندام ئاماده‌ی دانیشتنه‌ نائاساییه‌كه‌ بوون. پێش ئه‌م دانیشتنه‌یش ئاژانسی ده‌نگوباسی عیراق بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێرراو ژماره‌ی‌ وه‌زیرانی كابینه‌كه‌ی كه‌م كردووه‌ته‌وه‌و له‌و ڕووه‌یشه‌وه‌ لیستێكی ڕاده‌ستی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كردووه‌ ناوی ته‌نیا شازده‌ وه‌زیر له‌خۆده‌گرێت پاش دواخستنی ده‌نگدان له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ كه‌ ناكۆكییان له‌باره‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌یش ناكۆكی سیاسی زۆری له‌نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كانی ناو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران لێ كه‌وته‌وه‌.

له‌و باره‌یشه‌وه‌ محه‌مه‌د غه‌زی ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سه‌ر به‌ هاوپه‌یمانی سائیروون له‌ لێدوانێكدا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مان ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ نه‌بوون له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌و‌ ناوانه‌‌ ناڕا‌زی بوون كه‌ عه‌للاوی پێشنیازی كردبوون.

Back to top button