بەیاننامەیەك لە وەزارەتی تەندروستی: چوار حاڵەتی کۆرۆنا لە سلێمانی تۆمارکران

لە بەردەوامی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە هەرێمی کۆردستان بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆری تووشبوان لە جیهان و وڵاتانی دەوروبەردا و گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیانی گەشتیار لەو ووڵاتانەدا، تیمەکانی تەندروستی و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە ڕێکاری پێویست بۆ خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێکراوان و ئامادەکاریەکانی کۆنتڕۆڵکردنی ئەم پەتایە لە هەرێمی کوردستان.

بە هاوڵاتیانی خۆشەویست ڕادەگەیەنین کە ئەمرۆ یەكشەمە ١ی ئازاری ٢٠٢٠، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا پشکنین بۆ (٢٤) گومانلێکراو ئەنجامدرا کە لە نێویاندا (٤) هاوڵاتی لە شاری سلێمانی دەرەنجامی پشکنینەکانیان دەرچوو کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 کە پێكهاتبوون لە خێزانیكی ٣ کەسی و ئافرەتێك کە سەرجەمیان پێشتر سەردانی ووڵاتی ئێرانیان کردبوو و دوای گەڕانەوەیان لە پڕۆسەی کەڕەنتین و چاودێری کردنی تەندروستی پشکنینیان بۆ کرا وە لە کاتی ئێستادا لە نەخۆشخانەی جیاکراوەی تایبەت بەم نەخۆشیە دانراون و باری تەندروستیان جێگیرە.

 

وەزارەتی تەندروستی جەخت دەکاتەوە کە پێویستە هەموولایەك پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوەخۆ و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و پاڵپشتی تیمەکانی تەندروستی بن بۆ دۆزینەوەی هەر گۆمانلێکراوێك و گەشتیارێك کە دوورن لە چاوی تیمەکانی تەندروستی.

هاوڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە کاری پێویست بۆ ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێکراوان و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و بەدواداچوونی چارەسەریەکان.

وەزارەتی تەندروستی
حکومەتی هەرێمی کوردستان
١ ی ئازاری ٢٠٢٠

Back to top button