ناتەنیاهۆ سەرکەوتنى حزبەکەى لە هەڵبژاردنى کنێست راگه‌یاند

سەرۆك وەزیرانى ئیسرائیل سەرکەوتنى حزبەکەى لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى وڵاتەکەى رادەگەیەنێت دواى ئەوەى کە راپرسییەکان پیشانى دەدەن کە بە جیاوازییەکى کەم پێش بینى گانتسى سەرۆکى پارتى شین و سپى رکابەرى کەوتووە.

 بەپێى سێ راپرسى کە لە ناو دەنگدەرانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى ئیسرائیل ناسراو بە کنێست لە دواى چوونە دەرەوەیان لە بنکەکانى دەنگدان ئەنجامدراوە، دەرکەوتووە کە پارتى لیکۆد بە سەرۆکاتى بنیامین ناتەنیاهۆى سەرۆک وەزیرانى ئێستاى ئەو وڵاتە ٣٦ بۆ ٣٧ کورسى پەرلەمان لە کۆى ١٢٠ کورسى بەدەستدەهێنێت.

هەر بەپێى راپرسییەکان پارتى شین و سپیش کە لەلایەن بینى گانتسەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، ٣٢ بۆ ٣٤ کورسى بەدەستدەهینێت.

بەپێى ئەو ئەنجامەش بێت هاوپەیمانى راستراوەکان کە پارتى لیکۆد و ناتەنیاهۆ سەرۆکایەتى دەکەن، پێویستیان بە کورسى دیکەى پەرلەمان و هاوپەیمانى نوێ دەبێت، چونکە بۆ متمانەدان بە کابینەى نوێى حکومەت پێویستیان بە دەنگى ٦١ پەرلەمانتار لە کۆى ١٢٠ پەرلەمانتار دەبێت.

لە ماوەى سەک ساڵى رابردوودا ئەوە بۆ جارى سێیەم هەڵبژاردنى پەرلەمان لە ئیسرائیل دەکرێت، چونکە لە دوو هەڵبژاردنى رابردوودا هیچ یەکێک لە ناتەنیاهۆ و گانتس نەیانتوانى کابینەى نوێى حکومەت پێکبهێنن.

بنیامین نەتانیاهۆ، کە لە ساڵی 1949 لەدایک بووە، چەندین پۆستی باڵای وڵاتەکەی وەرگرتووە و چەند خولێکیش (لە 1996-1999) و (2009- 2019) سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بووە.

 

Back to top button