پۆمپیۆ: ئێران زانیاری له‌ ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌تۆم شاردۆته‌وه‌

مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ئێرانی به‌وه‌ تۆمه‌تبار كرد كه‌ به‌ڵێنه‌كانی خۆی له‌ چوارچێوه‌ی په‌یمانی قه‌ده‌غه‌كردنی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی پێشێل كردووه‌. ئاماژه‌ی به‌وه‌یش كرد كه‌ ئێران زانیاری له‌ ئاژانسی وزه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌تۆم شاردووه‌ته‌وه‌.

مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا داوی له‌ تاران كرد هاریكاری ئه‌و ئاژانسه‌ بكات و هه‌موو زانیارییه‌كان له‌باره‌ی چالاكییه‌كانییه‌وه‌ بۆ ئاژانسی ناوبراو ده‌سته‌به‌ر بكات. هاوكات دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ شاردنه‌وه‌ی كه‌ره‌سته‌ ئه‌تۆمییه‌كان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ پێشێلكارییه‌كی ڕوونی ڕێككه‌وتننامه‌ی قه‌ده‌غه‌كردنی چه‌كی ئه‌تۆمییه‌و داوای كرد ڕێگه‌ به‌ پشكنه‌رانی ئاژانسی ناوبراو بدات بچنه‌ ناو ده‌زگه‌ ئه‌تۆمییه‌كانیه‌وه‌.

پۆمپیۆ دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ واشنتن پابه‌ندی ئه‌وه‌یه‌ ڕێ به‌ ئێران نه‌دات چه‌كی ئه‌تۆمی ده‌سته‌به‌ربكات. هاوكات داوای له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش كرد پێویسته‌ كار بۆ ئه‌وه‌ بكات ئه‌و سزا نێوده‌وڵه‌تییه‌ی له‌باره‌ی چه‌كه‌وه‌ به‌‌سه‌ر ئێراندا سه‌پێنراوه‌ نوێ بكاته‌وه‌.

Back to top button