ھێزەكانی كوردانی شەبەك تەنھا فەرمان لەبارزانی وەردەگرن

خواكوڕك
 
لەلێدوانێكی دا ئەندام پەرلەمانی عێراق لە نوێنەرایەتی كوردی شەبەك، دەلێت تەواوی جووڵە و ئەركە سەربازی و ئەمنیەكانی ھێزەكانی شەبەك لە ژیر فەرمانی سەرۆك بارزانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەكدارەكانی كوردستاندایە.
 
لە دیمانەیەكی لەگەڵ شەفەق نیوز ساڵم شەبەك ئەندام پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، كە تەواوی ھێزەكانی شەبەك بەشێكن لە ھێزەكانی پێشمەرگەی سوپای كوردستان و ھاوشان لەگەل برا پێشمەرگەكانی تریان ڕۆڵ دەگێرن لە رزگاركردنی ناوچەكانی نەینەوا و ئەركی پاراستنی ئاسایشی تەواوی ئەو ناوچانەشیان لە ئەستۆیە كە پێكھاتەی شەبەك تێدا زۆرینەن .
 
هەر لەدیمانەكەدا ساڵم شەبەك دەلێت، ھێزەكانی پێشمەرگەی شەبەك ئەو ھێزانەن كە سەربە یەكەكانی پێشمەرگەی كوردستانن و فەرمان لە سەرۆك بازرازنیەوە وەردەگرن ،تەواوی ئەرك و فەرمانە سەربازییەكانی ئەم ھێزەش لە چوارچێوەی پلان و ستراتیژییە سەربازییەكانی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبێت كە ئامانج لێی پاراستنی دانیشتوان و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و پاراستنی ئەو ناوچانەیە كە لە ھێڵی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی جەنگی دژە داعشن .
 
سالم شەبەك ئەوەشی دووپاتیكردەوە مانەوەی ھێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەكانیان گەرەنتی و زەمان دەدات بە مانەوە و درێژەدان بە ژیان لەو ناوچانەی كە كوردانی شەبەكی تێدا نیشتەجێین ،بوونی ھێزی پێشمەرگە بۆ داھاتووش رێگر دەبێت لە دووبارەبوونەوەی ھەر كارەساتێكی تری ھاوشێوەی ٢٠١٤ .
 
سەرچاوە
شفق نیوز
Back to top button