بەهۆی کۆرۆناوە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر دوادەخرێت

وەک خۆپارێزییەك لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەهۆی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی، پانزەیەمین پێشانگای کتێب لە هەولێر بۆ کاتێکی نادیار دوا دەخرێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوێکی كارگێڕی پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ كتێب: وه‌ك به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتنی رێكاره‌ خۆپارێزییه‌كان بۆ به‌رگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، له‌ سۆنگه‌ی مكوڕبوونی ئێمه‌ش‌ له‌سه‌ر ته‌ندروستی و سه‌لامه‌تی میوانان و سه‌ردانیكه‌ران و كارمه‌نده‌كانی پێشه‌نگا، كارگێڕی پێشه‌نگا بڕیاریدا خولی پازده‌هه‌مینی پێشه‌نگای نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر بۆ كتێب، بۆ كاتێكی دیكه‌ دوابخات.

ئاماژە بەوەشکراوە: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌م بۆنه‌یه‌وه‌، داوای لێبوردن ئاراسته‌ی هه‌موو بڵاوكه‌ره‌وه‌كان و خوێنه‌ران و هه‌وادارانی رۆشنبیری و كتێب ده‌كه‌ین له‌ هه‌مبه‌ر دانی ئه‌م بڕیاره‌، ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاوبێ كه‌ هه‌موومان له‌سه‌رمان پێویسته‌ به‌رنگاری ئه‌و ڤایرۆسه‌ بكه‌ین و به‌ر له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی بگرین، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌مته‌رخه‌می نه‌كه‌ین له‌ پاڵپشتی كردنی هه‌وڵوكۆششی لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كان و رێكاره‌ سه‌پێنراوه‌كانی پێویست بۆ رێگرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و ڤایرۆسه.

پێشانگاکە روونیکردووەتەوە: به‌ڵێنتان پێده‌ده‌ین ئه‌م خوله‌ی پێشه‌نگا، له‌ كاتێكی دیكه و له‌ ئاینده‌یه‌كی نزیكدا ئه‌نجامده‌درێت.

Back to top button