ئۆجەڵان داوا دەكات دەستبەجێ پەكەكە لە شنگال نەمێنێت
خواكوڕك
عوسمان ئۆجەڵان برای عەبدولڵا ئۆجەڵان و سەركردەی پێشووی پارتی كرێكارانی كوردستان لەدیمانەیەكی دا لەگەڵ كەناڵی رووداو داوا دەكات دەستبەجێ هێزەكانی پەكەكە شنگال چۆڵ بكەن و دەست بۆ شەڕی ناوەخۆی كوردستان نەبەن،
هەروەها ئۆجەڵان دەلێت “بۆ ئەوەی کورد بە مافەکانی نەگات، هەندێک دەستی دەرەکی خەریكی هەڵگیرساندنی شەڕێکی کورد – کوردن، بۆ ئەو مەبەستەش دەیانەوێ شنگال بکەنە مەیدانی شەڕەکە هەروەها دەشلێت،”لەکاتێکدا خەریكبوو کۆبانێ بكەوێت، پێشمەرگە لە رەوشێكی زۆر دژواردا بەهانای رۆژئاواوە چوون و پشتگیری شەڕڤانانیان کرد، دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانیشیان گەڕانەوە، پێویستە هاوکارییەکانی پەکەکە و یەپەگەش لە شنگال بەوشێوەیە بێت، ئەوان کە هاوکاری ئێزدییەکانیان کردووە زۆرباشە، بەڵام ئەرکیان تەواو بووە و پێویستە بەبێ کێشە بگەڕێنەوە”.
هەورەها گوتیشی “من پێشتر گوتبووم زۆری نەماوە پەکەکە لە شنگال کانتۆنێک دروست بکات، هەر وابوو، زرۆی نەبرد دەستی بەو کارە کرد، ئێستاش خەریکی دروستکردنی کانتۆنن کە ئەمە رەوا نییە، ئۆجەڵان دەشلێت ئێستا 100 ساڵ بەسەر سایکس – پیکۆدا تێپەڕیوە و قۆناخی دوای سایکس – پیکۆ دەستی پێکردووە، کە رەنگە کورد بە مافەكانی بگات و کێشەکانی چارەسەر بکات، ئێستا كاری پێویست ئەوەیە كورد كێشە نێوخۆییەكانی چارەسەر بكات.
برای ئۆجەڵان دەشلێت ” کاتێک من لەنێو پەکەکە خەباتم دەکرد، ئامانج ئەوە بوو لە هەموو هەرێمی کوردستان بگەینە دەسەڵات، بەڵام خەڵکی باشوور هەموو خەباتی پەکەکەیان رەتکردەوە، سەرەڕای ئەوە پێیانگوتین دژی حکومەتی تورکیا پشتگیریتان دەکەین و کردیشیان، بەڕاستیش خەڵکی سەر سنوور فیداکاری زۆریان بۆ پەکەکە کرد و چەندین گەنجیان لە باکوور خۆێنی خۆیان بۆ رشت و شەڕیان کرد، بەڵام دەسەڵاتی سیاسیی پەکەکە لە باشوور قبوڵ ناکەن، هەروەها دەشلێت ئەگەر لەهاونیشتمانیانی هەر چوارپارچە بپرسی تەنها ئەمە دەڵێنەوە یەكرێز و یەك هەڵوێست بن، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە کوردستانییەکان کار بۆ یەکڕیزی بکەن، بەداخەوە ماوەی سێ ساڵە لە باشووری کوردستان ئاشووبێکی نێوخۆیی هەیە، لە باکووریش هەمان شت هەیە، هێزەکانی دراوسێ ئەمەیان دەوێ، کە سەد لە سەد دەستی ئەوانی تێدایە”.
ئەو سەرکردەیەی پێشووی پەکەکە باسی لە هەوڵێکی رووسیا کرد لەگەڵ پەکەکە بۆ هەڵگیرساندنی شەڕ لە تورکیا و گوتی “پێشتر لەڕێگەی ماهیر وەلات، نوێنەری پەکەکە لە رووسیا، حکومەتی ئەو وڵاتە ئامادەیی نیشاندا بۆ هەموو هاوکارییەک بۆ ئەوەی شەڕ دژی حکومەتی تورکیا بکەین، بەڵام سەرۆک ئۆجەلان ئەوەی رەتکردەوە. ئێستاش لە ناوچەکە هەندێک دەستی دەرەکی دەیانەوێ شەڕێکی کورد – کورد هەڵبگیرسێنن بۆ ئەوەی کورد بە مافەکانی نەگات، بۆ ئەو مەبەستەش دەیانەوێ شنگال بکەنە مەیدانی شەڕەکە”.