سیاسەتوانێكی عەرەب : پێكەنینم بە هەندێك سیاسەتوانی سلێمانی دێت كە لەناو عێراقی هەڵوەشاوە هاوپەیمانی لەگەڵ مووچە بڕ دەبەستن
خواكوڕك
میسال ئالووسی سیاسەتوان و پەرلەمانتاری عێراق و ئەمینداری رەوتی دیموكراتی عێراقی لەدیمانەیەكی دا رایدەگەێنێت، پێكەنینم بە هەندێك سیاسەتوانی سلێمانی دێت كە دێن لەگەڵ مووچە بڕێكی كورد هاوپەیمانی دەبەستن، فشارەكان زیاتر دەكەن لەسەر هەرێمی كوردستان و دەلێت ئەمە سیاسەت نیە ئەمە دوژمنكارانەیە بەرامبەر بە گەلی كوردستان.
هەروەها میسال ئالووسی دەلێت ئەوەی هەیە حكوومەتێكی لێكهەڵوەشاوە و ناتەواوە، چەند وەزارەتێك كە سەروەرییاننییە و دەبووفەرماندە سەربازی و تەناهییەكانی بە رەزامەندی پەرلەمان و لەسەر بنەمای توانست دیاری بكرانایە، هەموو ئەوانە لە سایەی فەرمانڕەوایییەكی گشتگیری ئیسلامیی سیاسی لە بەغدا كە بریتییە لە تایفیەت، بۆیە پرۆسەی سیاسی لە عێراق لێكهەڵوەشاوەیە و بووە هۆی لێكهەڵوەشانەوەی دەوڵەتی عێراقی، دەشلێت هەتا سەركەوتنی داعش بەهۆی ئەو بۆشایییانە بوو كە لە دەوڵەتی لێكهەڵوەشاوەی عێراقیدا هەبوو، لەوەش خراپتر سەركەوتن بەسەر داعش دەبێتە مایەی زیادبوونی لێكهەڵوەشانەوەكە، چونكە فەرمانڕەواكانی بەغدا و حزبە ئاینییەكان توانای پێشكەشكردنی پڕۆژەی بنیاتنانی دەوڵەتێكی مەدەنییان نییە كە هەمووان كۆ بكاتەوە.
هەروەها میسال ئالووسی سەبارەی بە كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان بەغدا دەلێت، شتێك نەبوو بەناوی تەنگژە لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵكو ئەوەی هەبوو سەركردایەتییەكی سیاسی یان حكوومەتی بوو لە بەغدا كە هەوڵی دروستكردنی تەنگژەی دەدا لەگەڵ كوردستان، هەر كاتێكیش دەگەیشتین بە چارەسەری كێشەكان، ئەوان لەناویان دەبرد، تەنانەت لە هیچوپووچی خۆیەوە ئەو دەسەڵاتدارە دەیگوت كە كوردەكانتان بۆ بەچیا دەخەمەوە و هەر ئەوانەش بوون كە دەوڵەتی عێراقیان وێران كرد، تەنانەت وای دەبینم كە ناكۆكییەكانی كورد لە نێوان خۆیاندا بەهۆی پاڵەپەستۆی ئێرانی و دەرەكی دروست كراوە و كورد هەموویان یەكگرتوون بۆ داواكردنی مافەكانیان، هەروەها وای دەبینم سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و بارزانی لە سەركردایەتیی داناییەكەی بۆ جەنگی سیاسی و سەربازی ئەنجامی باشی دەبێت لەبارەی هێوركردنەوەی دۆخەكە.
ئالووسی زیاتر دەلێت ناوەند مامەڵەی ئیرەیی بردن لەگەڵ هەرێم دەكات، بۆیە پاڵەپەستۆی دارایییان خستووەتە سەر هەرێم، ئەوان لە بەغدا دزی لە بودجە دەكەن و هاووڵاتییانی كوردیش لە مووچە بێبەش دەكەن، بۆیە لێرەدا بابەتەكە تەنیا كێشەیەك نییە لە نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵكو كێشەكە گەورەترە و قەتیسكردنی عێراقییەكانە لە ناو بازنەیەك لە درۆ كە لێی بێزار بوون.
میسال ئالووسی هەورەها پێشی وایە كورد لە نێوان خۆیاندا كۆكن لەبارەی مافەكانیان، بەڵام لەگەڵ نەخۆشكەوتنی تاڵەبانی وەك سیاسەتوانێكی ژیر و دانا، بۆشایییەكی گەورە لە سلێمانی دروست بوو و ئەو بۆشایییەش بووە هۆی كەلێنی گەورە لە سلێمانی، بەڵام بەتێپەڕبوونی كات ئەو بۆشایییانە نامێنن لە رێگەی كەمبوونەوەی دەستوەردانی ئێران و هاتنی ترەمپ.
لەكۆتایشدا میسال ئالووسی دەلێت هاوكات شتێكی روونە كە ئێران لە رێگەی سلێمانییەوە پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر سیاسەتەكانی هەرێم بەگشتی، سەرۆكایەتیی هەرێم هەر دەستوەردانێك رەت دەكاتەوە. بەڕاستی جێی پێكەنینە كەسایەتییەك لە بەغدا دەڵێت كورد بە چیا دەخەمەوە و بودجەیان لێ دەبڕێت و دەكرێتە هاوپەیمان لەلایەن ژمارەیەك لە سیاسەتوانانی سلێمانی، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوانە، چاوەڕوانی دواڕۆژێكی گەش بۆ كوردستان دەكەم.