ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی: دەمانەوێت پێشمەرگە بکەینە بەھێزترین ھێز بەشێوەیەك کە زۆر جیاواز بێت لە رابردوو

گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش رایدهگهێنێت، چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەرفەتێکی باشن بۆ ئەمەریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بۆئەوەی زیاتر ھاوکاری وەزارەتی پێشمەرگە بکەین.
دهشڵێت، دەمانەوێت پێشمەرگە بکەینە بەھێزترین و رێکخراوترین ھێز بەشێوەیەک کە زۆر جیاواز بێت لە رابردوو
مایڵز کاگینز، گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە كوردستان24ی راگهیاند ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بەردەوامە لە پاڵپشتیەکانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە شەڕی دژی پاشماوەکانی داعش. ھێشتا داعش ھەڕەشەیە لە مەخموور و دیالەش. لە راھێنانەکانیشمان بۆ ھێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبین لەسەر تەکنیکی شەڕی دژ بە داعش راھێنانیان پێدەکەین.
راشیگەیاند ، ھاوپەیمانی كە زۆرێك لە وڵاتانی وەک ئیتالیا، ئەڵمانیا، ھەنگاریا، بەریتانیا و فینلەندا لەخۆدەگرێت کە چالاکیەکانیان لە ھەرێمی کوردستانن. ئەمەریکا پاڵپشتی پێشمەرگەی کردووە و بەھۆی چاکسازییەکانیش لە وەزارەتی پێشمەرگە دەرفەتێکی باش دەبێت بۆمان لە ھاوکارییەکانمان بەردەوام بین بۆئەوەی پێشمەرگە ببێتە بەھێزترین و رێکخراوترین و کاریگەرترین ھێز کە زۆر جیاوازتر بێت لە رابردوو. چاومان لەوەیە ھاوکاری زیاتری ئاسایش و وەزارەتی پێشمەرگە و ھەموو ھێزە ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەین.