مەسرور بارزانی لەیادی 8ی مارسدا بزانە لەبارەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا چی بە ئافرەتان دەلێت

لە پەیامێكی پرۆزباسی دا مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان داوا لە ئافرەتان دەكات”رۆڵی کارای خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی تەندروستی و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا بگێڕن و هانی ئەندامانی خێزانەکانیان و کەسوکاریان بدەن بۆ پاراستنی پاک وخاوێنی و ژینگە کە ئەرکێکی نیشتمانیی و بەرپرسیارێتی هەموومانە.

دەقی پەیامەكەی مەسرور بارزانی..

‏‎لە رۆژی جیهانیی ئافرەتاندا پیرۆزبایی لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستان و جیهان دەکەم . یادکردنەوەی هەشتی مارس رێزگرتنە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتان لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی ستەم و چەوساندنەوەدا .
‏‎ئافرەتانی کوردستان رۆڵێکی کاریگەر و شکۆداریان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستاندا بینیوە و لە دژی داگیرکاریی و ستەمی کۆمەڵایەتی خەباتیان کردووە. بۆیە ئێمە تیکۆشانی ئافرەتانی کوردستان، بەتایبەتی ئافرەتانی پێشمەرگە لە شۆڕشەکانی کوردستان و رۆڵی بەرچاویان لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرز دەنرخێنین و پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بەتایبەتی و رەخساندنی زەمینە و دەرفەتی یەکسانیی کارکردن وبەشدارییان لە بوارە جیاجیاکاندا دووپات دەکەینەوە.
‏‎داوا لە ئافرەتانی هەرێمی کوردستانیش دەکەم رۆڵی کارای خۆیان لە بڵاوکردنەوەی هوشیاریی تەندروستی و جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوە و خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنادا بگێڕن و هانی ئەندامانی خێزانەکانیان و کەسوکاریان بدەن بۆ پاراستنی پاک وخاوێنی و ژینگە کە ئەرکێکی نیشتمانیی و بەرپرسیارێتی هەموومانە.
‏‎مەسرور بارزانی
‏‎سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/3/8
Back to top button