ئیتاڵیا باری لەناكاوی راگەیاند

سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا باری لە ناکاوی راگەیاند و هەرێمی لۆمباردی و 14 هەرێمی دیکەی ئیتاڵیاش کەرەنتینە دەکات.

گیوسێپ کۆنتێ، لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە ، کەرەنتینەکە 16 ملیۆن کەس دەگرێتەوە و دەبێتە دووەم گەورەترین داخستنی شارەکان لە جیهان لە دوای چین.

ئاماژەی بەوەشدا، بڕیاریداوە، لەو شوێنانە، کە شاری میلانیش دەگرێتەوە، هەموو مۆزەخانە، سەنتەری وەرزشی، سەنتەری کەلتوری، مەلەوانگە و هەموو ئەو شوێنانە دابخات کە خەڵک تێیدا کۆ دەبنەوە.

بەوتەی سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا،  تەنیا رێگا بە خواردنگە و باڕەکان دەدرێت کراوە بن بەڵام بە مەرجی ئەوەی لانی کەم یەک مەتر دووری هەبێت لە نێوان کڕیارەکان.

هەروەها، هەر کەسێک پلەی گەرمی بەرز بێت، جا بەهۆی هەر نەخۆشییەک بێت، خێرا لەوانی تر جیا دەکرێتەوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، بەگوێرەی دوایین ئامارەكان، لە ئیتاڵیا 233 کەس بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە و پێنج هەزار و 883 کەسیش تووشبوون، هەروەها 589 کەس چاکبوونەتەوە.

 

Back to top button