حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت په‌كه‌كه‌ له‌ پیلانێكی مه‌ترسیدار رزگار بكات

خواكوڕك

پرسی چۆڵ كردنی شه‌نگال و چیای شه‌نگال له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌ كۆتایی هاتووه‌، هه‌ریه‌كه‌ له‌ توركیا و ئه‌مریكا و روسیا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ رێكه‌وتن، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ گرتنه‌به‌ری ئه‌و میكانزیمه‌یه‌ كه‌ پێوست ده‌كات په‌كه‌كه‌ پێ ده‌ربكرێت له‌و ناوچه‌یه‌.

پێشتر ئاژانسی ئەنادۆڵ سەر بە حكومەتی توركیا ئەوەی لەزاری سه‌رچاوه‌یه‌كی نزیك له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی روسیا و توركیا ئاشكرا كردبوو، كه‌ پرسی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كراوه‌ و روسیاش رێگرنیە له‌به‌رده‌م جێهێشتنی شه‌نگال له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه‌.

چاودێرانی سیاسی له‌باره‌ی په‌كه‌كه‌ و شه‌نگاله‌وه‌ پێیانوایه‌، ئه‌م پرسه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ توركیاوه‌ چونكه‌ ئه‌و وڵاته‌ سووره‌ له‌سه‌رئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌ربكرێت و له‌گه‌ڵ ئه‌مریكاش گه‌یشتۆته‌ رێكه‌وتن و به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكاش ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنێت.

له‌ ئێستاشدا حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یه‌وێت خۆی بگاته‌ جۆره‌ رێكه‌وتنیك له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه‌ بۆئه‌وه‌ی شه‌نگال جێ بهێڵێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم خۆی چاره‌ی ئه‌و دۆخه‌ نه‌كات، ره‌نگه‌ توركیا خۆی راسته‌وخۆ له‌ شه‌نگال هێرش بكاته‌ سه‌ر په‌كه‌كه‌ و پاشان هێزه‌كانی خۆی تێدا جێگیر بكات.

Back to top button