بەهۆی کۆرۆناوە هەموو دەروازەکانی مووسڵ دادەخرێن

پارێزگای نەینەوا بە بڕیارێک مۆڵەتی 24 کاتتژمێر بە خەڵکی مووسڵ دەدات و هەموو دەروازەکانی شارەکە دادەخات.

بەپێی نووسراوێک، کە ئەمڕۆ یەکشەممە 8-3-2020 دەرچووە، سیروان رۆژبەیانی، جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا ژمارەیەک بڕیاری بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە مووسڵ، داوە.

بڕیارەکان:

– دەبێ خەڵکی مووسڵ، کە ئێستا لە دەرەوەی شارەکەن، لە ماوەی 24 کاتژمێر بگەڕێنەوە (ئەگەر خۆیان بیانەوێ بگەڕێنەوە).

– فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا پابەندن بە دانانی تیمی پزیشکی لە دەروازەکانی مووسڵ، بۆ پشکنینی ئەو بەرپرسانەی سەردانی شارەکە دەکەن.

– هەموو کافتریا، قاوەخانە و هۆڵەکانی بۆنەکان لەمڕۆوە بۆ ماوەی 15 رۆژ دادەخرێن.

– دەزگا ئەمنییەکان ئاماری هەموو ئەو کەسانە کۆ دەکەنەوە، کە لە پارێزگاکانی دیکە سەردانی مووسڵیان کردووە.

– ژووری بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا لە هەموو یەکە ئیدارییەکانی نەینەوا دروست دەکرێت.

– پرسە و گردبوونەوەکان قەدەغە.

– پێویستە هاووڵاتییان لە بوونی هەر ئەگەرێکی تووشبوون بە کۆرۆنا، حکوومەتی خۆجێی نەینەوا ئاگادار بکەنەوە.

– پێویستە سەرپەرشتیارانی پەرستگەکان هاووڵاتییان لە رێنماییە تەندروستییەکان ئاگادار بکەنەوە.

 

Back to top button