ئه‌نجومه‌نی باڵای رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا: لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٢-٣-٢٠٢٠ تاوەکو ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٦-٣-٢٠٢٠ دەبێتە پشووی فەرمی

دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نی باڵای رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆ بوونه‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆ رێگركردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاریدا ده‌وامی فه‌رمانبه‌ران له‌ سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت له‌ رۆژی 11ى 3 تاكو 26ی 3 رابگرێت، جگه‌ له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ و ته‌ندروستی.

هه‌روه‌ها لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە دوارێکار و ئامادەکارییەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیار و رێنماییە تەندروستییەکان کرا.

دواتر هەردوو وەزیری ناوخۆ و تەندروستی راپۆرتی خۆیان خستە روو سەبارەت بە  هەنگاوەکانیان

بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پلانی داهاتوویان لەو رووەووە.

کۆبوونەوە جەختی کردەوە لە گرنگی بەردەوام بوون لەسەر جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی پێشوو کە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان دەرکرابوون وەک کەم کردنەوەی قەرەبالغی و سنوردار کردنی هاتووچۆی نێوان شارەکان و راگرتنی پاک و خاوێنی و پەیوەندی کردن بە بنکەکانی دیاری کراو لە کاتی بوونی هەر حاڵەتێک کە گومانی هەڵگرتنی ڤایرۆسی کۆرۆنای  لێدەکرێت. ئەم رینمایی و راسپاردە  و بڕیارانە تەنها بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتییانە لە تووشبوون بەو ڤایرۆسە.

پاش گفتوگۆ کردن لەبارەی دوا رێکارەکان و هەنگاوەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و خستنە رووی پێشنیارەکان، بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاریدا:

١. لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان (جگە لە ھێزەکانی پێشمەرگە وئاسایش وئاسایشی ناوخۆ و دامەزراوەکانی تەندروستی) لە ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٢-٣-٢٠٢٠ تاوەکو ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ٢٦-٣-٢٠٢٠ دەبێتە پشووی فەرمی، و (ڕۆژانی ٢٧و٢٨-٣-٢٠٢٠ پشووی کۆتایی ھەفتانەیە)، و ڕۆژی یەکشەممە ٢٩-٣-٢٠٢٠ دەوامی فەرمی  دەستپێدەکاتەوە.

٢. لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتی پەروەردە (حکومی وئەھلی) ڕۆژی شەممە ٢٨-٣-٢٠٢٠ پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە، وپرۆسەی خوێندنی زانکۆ وپەیمانگاکانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا وتوێژینەوەی زانستی لە ڕۆژی ١_٤-٢٠٢٠ دەست پێ دەکاتەوە.

۳. وەزارەتی تەندروستی بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیە فریاگوزارییەکان بە ھاوڵاتیان لە ڕێگای پیادەکردنی ئێشکگریی.

٤. وەزارەتە خزمەتگوزارییە گشتیەکان بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گشتی لە ڕیگای ئێشکگریی و بۆ ئەو مەبەستەش ڕێنمایی پێویست دەردەکەن.

٥- دوا وادە بۆ گەڕانەوەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ناو هەرێم رۆژی  ١٥-٣-٢٠٢٠ دەبێت و لە ١٦-٣-٢٠٢٠وە  تاوەکو ١-٤-٢٠٢٠ رێگە نادرێت بە هاتنەوەی هاوڵاتییان لە ئێرانەوە. بەڕەچاوکردنی بەردەوام بوونی جموجۆڵی بازرگانی بەپێی رێنماییە بەرکارەکان.

٦- تەرخانکردنی قۆناغی دووەمی بوودجە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی تەندروستی بۆ رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٧- وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو راسپێردرا بۆ بەردەوام بوون لەسەر رێکارەکانیان لە چوارچێوەی سیاسەتی رووبەروو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

٨- راسپاردنی وەزیری داد بۆ چالاککردنی داواکاری گشتی بەمەبەستی وەرگرتنی رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەس و لایەن و کەناڵە میدیاییانەی کە پێچەوانەی رێنماییەکان و سیاسەتی حکومەت کاردەکەن و دەبنە هۆی پشێوی.

٩- پێدانی دەسەڵات بە پارێزگارەکان و سەرپەرشتیاری یەکە ئیداریە سەربەخۆکان و لیژنەکانی قایمقامییەت بۆ رێکخستنەوە و چاودێری کردنی بازاڕی ناوخۆیی.

Back to top button