كچێكی تەمەن 15 ساڵان لە هەلەبجە خۆی دەسووتێنێ

خوكوڕك
دوای ئەوەی كچێكی تەمەن پانزە ساڵان لە سنوری پارێزگایی هەلەبجە خۆی سوتاند, بەهۆی زۆری سوتانی جەستەی گیانی لەدەستدا, بەرلەوەی گیانی دەربچێت كچەكە گوتبووی بەهۆی جیابوونەوەی دایك و باوكی لە یەكدی، لە ژیان بێزار بووە، بۆیە خۆی سووتاند، بەڵام دراوسێیەكیان دەڵێت، خۆسووتاندنی شیلان پەیوەندی بە خۆكوشتنی خۆشەویستەكەیەوە هەبوو.

لەسەر ئەم رووداوە رائید بارزان عوسمان، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە بە كەناڵی رووداوی راگەیاندبوو، پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ رووداوەكە كردووەتەوە، كچەكە بەر لەوەی بمرێ‌ گوتوویەتی بەهۆی جیابوونەوەی دایك و باوكی لە یەكتری، لە ژیان بێزار بووە، بۆیە خۆی سووتاندووە, لە بەرامبەریشیدا خزمێكی نزیكی شیلان باسی كێشەی ئەو كچە دەكات كە بە گوتەی ئەو، تەمەنی حەوت مانگ بووە كاتێك كێشە كەوتووەتە نێو خێزانەكەی.

خزمەكەی شیلان گوتوشیەتی “نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر دایكی شیلان داوای لە كچەكەی كردووە پێكەوە بژین، بەڵام شیلان لەبەر خوێندنەكەی نەیتوانیوە بچێتە لای دایكی، بۆیە دایكی ماڵی گواستووەتەوە ئەو شوێنەی كە شیلان لێی دەژیا”.

لەبارەی خۆسوتاندنی شیلان، خزمەكەیان گوتویەتی “ئەو رۆژە دایكی لە هەڵەبجە بووە، منداڵەكانی دیكەشیان لە دەرەوە بوون. شیلان بە تەنیا لە ماڵەوە بووە، كاتێك منداڵەكان ویستوویانە بڕۆنەوە ژوورەوە، لە دەرگایان داوە، بەڵام شیلان نەیكردووەتەوە، پاشان هانایان بۆ دراوسێكانیان بردووە و ئەوانیش دوای ئاگاداركردنەوەی دەزگایەكی ئەمنی كە بارەگای لە نزیك ماڵیانە، چوونەتە ژوورەوە، بەڵام دووكەڵ لەنێو ماڵەكەدا هەبووە و ئەو كچەیان بە سووتاوی دۆزیوەتەوە”.

سێ‌ رۆژ پێش خۆسووتاندنی شیلان، گەنجێكی تەمەن 19 ساڵ كە ماڵی لە نزیك ماڵی ئەوان بووە، خۆی كوشت. بۆیە ئێستا دەنگۆیەك بڵاوبووەتەوە كە شیلان و ئەو كوڕە پەیوەندییان هەبووە، خۆسووتاندنەكەشی پەیوەندی بە خۆكوشتنی كوڕەكەوە هەبووە.

دراوسێیەكی ماڵی شیلان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، گوتی: “ئێستا لەنێو گەڕەكدا دەنگۆی ئەوە بڵاوە كە شیلان و ئەو كوڕە پەیوەندییان هەبووبێت، بەڵام نازانرێت كوڕەكە چووەتە خوازبێنی یان نا”. خزمە نزیكەكەیان گوتی “ئێمەش ئەو دەنگۆیەمان بیستووە، بەڵام نازانین راستە یان نا”.

Back to top button