کۆشکی سپی: ترەمپ پشكنينى ڤایرۆسی کۆڕۆنای بۆ نەکراوە

ستیڤانی گریشمان، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە راگه‌يه‌ندراوێكدا رایگەیاند، سەرۆک ترەمپ پشكنينى ڤايرۆسى کۆڕۆنا (Covid-19)ی بۆ نەکراوە، چونکە لە نزیکەوە و بۆ ماوەیەکی درێژ لەگەڵ هیچ کەسێک تێكه‌ڵ نه‌بووه‌ کە پشتڕاست کرابێتەوە تووشبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنایە، هەروەها هیچ نیشانەیەکی ئه‌و نه‌خۆشييه‌شى نییە”، گوتەبێژەکە ئەوەشی زیاد کرد، “سەرۆک ترەمپ لە تەندروستییەکی زۆر باشدایە و پزیشکەکەی بەردەوامه‌ لە چاودێریکردنی لە نزیکەوە.

ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت، کە ترەمپ بەلانیکەم چاوی بە دوو کۆنگرێسمان کەوتبوو لەم دواییانە، دواتريش ئه‌و دوو کۆنگرێسمانە کەرەنتینەکران بەهۆی ئەوەی لە کۆنگرەیەک ئامادەببوون لەگەڵ کەسێک کە دواتر پشتڕاست کرایەوە ئه‌و کەسە تووشیبووی ڤایرۆسی کۆڕۆنایە.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدايه‌، دۆناڵد ترەمپ، چەند تویتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت بە داڕوخانی گەورەی نرخی نەوت و دڵخۆشی خۆی نەشاردەوە بە دابەزینی نرخەکان و جەختی کردەوە، ئەم کارە سوودبەخشە بۆ کڕیار، چونکە نرخى بەنزین دادەبەزێت.

ترەمپ، لە تویتێکی دیکەدا رای خۆی خستەڕوو و پێی وایە، “هۆکاری دابەزینی بازاڕی وزەی جیهانیی، دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکی نێوان سعوودیە و رووسیا و هەواڵی ناڕاست له‌بارەی نرخی نەوت”.

هاوكات ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 10ی ئازاری 2020، نرخی نه‌وتی خاوی ئه‌مریكی و نه‌وتی برێنت له‌ بازاڕه‌كانی جیهان كه‌مێك به‌رزبوونه‌وه‌ و به‌م جۆره‌ی خواره‌وه‌ بوون نرخی نه‌وت به‌ 37 دۆلار 98 سه‌نت مامەڵەی پێوەکرا.

 

Back to top button