هاووڵاتیێكی ئێزدی: دوو كوڕم هەبوون، یەكێك داعش بردی، ئەوی دیكەشیان پەكەكە ڕفاندی

خواكوڕك
تادێت توڕەی خەلكی شنگاڵ لەبەرامبەر مامەلەو مانەوەی چەكدارانی پەكەكە لە شنگاڵ زیاتر دەبێت, چونكە سەرەڕای ئەوەی بوونەتە بەر بەستی بەردەم گەڕانەوەو ئاوەدان كردنەوەی ناوچەكەیان ئەوا بە هۆكاری نائارامی ناوچەكەیان دەزانن, هاوڵاتیەكی شنگاڵیش دەلێت ”دوو كوڕم هەبوون، یەكێك داعش بردی و ئەوی دیكەش پەكەكە ڕفاندی، بۆیە ناگەڕێمەوە.”
سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆچكەی شنگال (وەیس نایف ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە: ”پەكەكە بە پشتگیریی حكوومەتی عێراق لە شنگالدا ماوەتەوە، خۆ ئەگەر حكوومەتی عێراق نەبووایە و پشتگیریی ئەوانی نەكردبا، ئێستا ئەوان لە شنگال نەدەمان. هەڵبەت ئەگەر پەكەكە هەر لە شنگال بمێنێتەوە، ئەوا زۆرینەی خەڵكی شنگال ناگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و هەر لە ئاوارەییدا دەژین، هۆكارەكەشی ڕوونە كە دەترسن جارێكی دیكە كارەساتێكی دیكەیان بەسەردا بێ.”
ئەو بەرپرسەی شنگاڵ گوتوشیەتی:” ئێمە چ وەك ئەنجوومەن، چ وەك خەڵكی شنگال، داوایان كردووە لە عێراق كە نابێ چیی دیكە ئەوان هاوكاری پەكەكە بن و، پێویستە ئەو هێزە لە شنگال بچێتە دەرەوە تا خەڵكەكەی بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
سەرۆكی ئەنجومەنی شنگاڵ چیرۆكێك دەگێرێتەوە كە راستەوخۆ لە زاری هاوڵاتیەكی هاوڵاتیەكی شنگاڵی بیستویەتی دەڵێت:” لە هاووڵاتیێكی ئاوارەبووی ئێزدیم پرسی، بۆچی ناگەڕێیەوە سنوونێ، لە بن ئەو خێمەیەدا چ دەكەی؟، لە وەڵامدا گوتی، من دوو كوڕم هەبوون، یەكێك داعش بردی، ئەوەی دیكەش پەكەكە ڕفاندی، بۆیە ناگەڕێمەوە.”
لەكۆتایشدا ئەو بەر پرسە مەترسی خۆی لە فراوانكردنی قەلەم رەوی پەكەكە نەشاردەوە لە شنگاڵ دەلێت:” ئێستا پەكەكە وا خەریكی فروانتركردنی قەڵەمڕۆیی خۆیەتی لە شنگال، بەتایبەتی لە چیای شنگال و سەردەشت كە بنكە و بارەگای زیاتر دروست دەكات و هێزی زیاتر كۆ دەكاتەوە، ئەوەیش وای كردووە ئەو خەڵكەی گەڕاوەتەوە جارێكی دی ئاوارە ببنەوە.”

Back to top button