سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم: کۆرۆنا ته‌نیا کێشەیەکی تەندروستی نییە به‌ڵكو دەرهاویشتەی نەرێنی لە سەر ئابوورییش هه‌یه‌

دوای ئه‌وه‌ی دوێنێ لێژنه‌ی باڵایی رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی كۆرۆنا له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌، ئه‌مڕۆ جارێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی  باڵایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ڕێوه‌چوو له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا و دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی کرد کە بە شێوەیەکی پیشەییانە رێوشوێنی تەندروستیی پێویستیان گرتووەتەبەر و داواشی لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کرد کە پابەند بن بە رێوشوێن و رێنماییە تەندروستییەکان .

 

مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکرد کە تەشەنەکردنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە جیهان، تەنیا کێشەیەکی تەندروستی نییە بەڵکو بەداخەوە دەرهاویشتەی نەرێنیشی لە سەر ئابووری جیهان لێکەوتووەتەوە کە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە. بەتایبەتی بە هۆی دابەزینی خێرا و زۆری نرخەکانی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا.

سەرۆکی حکومەت روونیکردەوە کە هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکومەت ئەوەیە و لە سەریشی بەردەوام دەبین کە ئابووری هەرێمی کوردستان هەمەچەشن بکرێت و نابێت تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات ببەسترێت. بۆ ئەم مەبەستەش دەستمان بە کۆمەڵێک رێکاری پێویست کردووە بەڵام بێگومان جێبەجێکردنی ئەجێنداکە، پەیوەستە بە جێگیریی و سەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئابووریی و ئاسایشی عێراق و ناوچەکە کە کاریگەرییەکی راستەوخۆی لە سەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت.

سەرۆکی حکومەت داواشی لە لایەنە بەشدارەکانی حکومەت و تەواوی لایەنە سیاسیەکان و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانیش کرد کە بە هەستکردن بە بەرپرسیاریێتی لەگەڵ ئەو دۆخە هەستیارە و ئەو قەیرانەی هاتووەتە پێشەوە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی بتوانین بە کەمترین زیان ئەو بارودۆخە سەختە تێپەڕێنین.

سەرۆکی حکومەت جەختی لەوەش کردەوە کە بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ئاماژەشی بەوەدا کە پێویستە لە گرتنەبەری رێکارە تەندروستیی و ئەو ئامادەکارییانەی بۆ دۆخی سەختی ئابووری لە عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، بەرژەوەندی گشتی هاووڵاتیان لە بەرچاو بگیرێت.

بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کە رێکار و رێوشوێنی پێویست بۆ کەمکردنەوەی خەرجییە نا پێویستەکانی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەت بە پێی رێنماییەکان و لە چوارچێوەی یاسای چاکسازی و کارنامەی کابینەی نۆیەم بگیرێتەبەر. هەروەها لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش لە بەغدا هەماهەنگی بکرێت و دانوستانەکان چڕبکرێنەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی رووبەڕووی عێراق و هەرێمی کوردستان بووەتەوە.

لە هەرێمی کوردستان رێوشوێنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تووندوتۆڵکراون، تاوەکو ئێستا 15 کەس تووشی ڤایرۆسەکە بوون کە کەسێکیان گیانی لەدەستداوە و کەسێکیش چاکبووەتەوە. وەزارەتی تەندروستیش داوا لە هاونیشتمانییان دەکات پابەندی زیاتری رێنماییەکانی هاتووچۆ بن و لە ماڵەکانیان بمێننەوە.

Back to top button