بەشێك لە مامۆستایانی سلێمانی بڕیاریاندا بایكۆت بشكێنن
خواكوڕك
لەدوای تێپەڕینی دوومانگ بەسەر وادەی دەستپێكردنەوەی خوێندن لە سنوری پارێزگای سلێمانی و دەورووبەری, ئێوارەی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بەشێك لە مامۆستایانی ناڕازی رایانگەیاند كە بایكۆت دەشكێنن, هەروەها داوایانكرد لە رۆژی 2-1-2017 مامۆستایان بگەڕێنەوە دەوام و كۆتایی بە بایكۆت بهێنن.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا كە شەوی چوارشەممە 28-12-2016 بەڕێوەچوو، مامۆستایانی ناڕازی داوایانكرد بەردەوام پارەی هاندان بۆ مامۆستایان خەرجبكرێت لە هەر 30 رۆژ جارێكدا, هەروەها ساڵنامەیەكی خوێندن تایبەت بۆ ئەو ناوچانەی بایكۆتیان تێدا كراوە دەربكرێت، كە لە بەرژەوەندی خوێندكار و مامۆستا بێت نەك باری سەرشانیان قورستر بكات, جگە لەوەی داوایانكرد ئەو سزایانەی رووبەڕووی مامۆستایان كراوەتەوە هەڵبوەشێندرێتەوە و دەستلەكاركێشانەوەی ئەو بەڕێوەبەرانەی بەهۆی هەڵوێستەكانیانەوە دەستیان لەكاركێشاوەتەوە قبوڵنەكرێت.
شایەنی بسە, ئەو مامۆستایانەی كە بایكۆتیان شكاندووە پێكهاتوون لە لیستی هاوبەشی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان- لقی سلێمانی، ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرەكانی خوێندنگا و قوتابخانەكانی ناو شاری سلێمانی ، ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەربەندیخان، كەرتی دەربەندیخانی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ، ئەنجوومەنی بەڕێوەبەرەكانی دەربەندیخان،.