موقته‌دا سه‌در: تره‌مپ خۆی ڤایرۆسه‌ چاره‌سه‌ری كۆرۆناش بدۆزێته‌وه‌ به‌كاری ناهێنین

دوای ئه‌وه‌ی دۆنالد تره‌مپ رایگه‌یاند كه‌ كارێكی باشیان كردووه‌و به‌ره‌و پێشچوونیان كردوو له‌ دۆزینه‌وه‌ ڤاكسینێك بۆ چاره‌سه‌ری كۆرۆنا، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ تره‌مپ خۆی ڤایرۆسه‌ و ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری كۆرۆناش بدۆزنه‌وه‌ به‌كاری ناهێنن.

موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و رایگه‌یاندووه: “لێدوانێكی تره‌مپ رایگرتم، كه‌ ده‌ڵێت كارێكی مه‌زنمان له‌ دژی كۆرۆنا كردووه‌، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌باین، ره‌وشه‌كه‌ به‌هۆی كۆرۆنا زۆر خراپتر ده‌بوو، ده‌ی خۆ تۆ و كه‌سانی وه‌ك تۆ، به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ تۆمه‌تبارن، به‌تایبه‌تیش كه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی به‌رهه‌ڵستی ئه‌مه‌ریكا به‌و نه‌خۆشییه‌وه‌ ده‌ناڵێنن”.

هه‌روه‌ها له‌ تویته‌كه‌یدا سه‌در ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌دات كه‌ : “ئه‌ی تره‌مپ، دوێنێ ده‌تگوت ئه‌مه‌ریكا ئیمپراتۆرییه‌ته‌ مه‌زنه‌كانی رووخاندووه‌ و تیرۆری تێكشكاندووه‌، ئه‌مڕۆش له‌ دژی ڤایرۆسێك ده‌جه‌نگی كه‌ به‌ چاو نابینرێت، شه‌رم له‌ خۆت ناكه‌یته‌وه‌ كه‌ جیهانتان پڕ له‌ شه‌ڕ و ئاشوب و داگیركاری و هه‌ژاری و ململانێ كرد، ئه‌مڕۆش بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ی كه‌ چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ی، ئه‌و ڤایرۆسه‌ به‌هۆی سیاسه‌ته‌كانی ئێوه‌ بڵاوبووه‌ته‌وه‌”.

سه‌در نووسیویه‌تیشی: “هه‌ر چاره‌سه‌رێك له‌ تۆ و كۆمپانیا ده‌رده‌داره‌كانی ئێوه‌ بێت، پێی رازی نابین و به‌كاریشی ناهێنین، تۆ ته‌نها دوژمنی خوا نیت، به‌ڵكو دوژمنی گه‌لانی و ڤایرۆسی بڵاوكردنه‌وه‌ی شه‌ڕ و كاره‌ساتی”.

 

Back to top button