سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندراوێک بڵاو دەکاتەوە

 

لەو ڕاگەیاندراوەدا سوپاسی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کوردستان دەکات کە شێلگیرانە بۆ بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا خۆیان ئامادە کردووە .

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

 

کوردستانیيانی خۆشەویست،

 

ئەمڕۆ کە جیهان بەگشتی رووبەڕووی مەترسی کۆرۆنا بووەتەوە، رێگریکردن لە بڵاوبوونەوە و تەشەنەکردنی ئه‌م ڤایرۆسه‌ خەمی سەرەکی و کاری لەپێشینەی هەموو وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە. بە ئەزموون سەلمێندراوە کە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکانی كۆرۆنا و زاڵبوون بەسەر لێکەوتەکانیدا، خۆپاراستن باشترین چەکی بەرەنگاربوونەوەیە.

 

هەڵمەت و رێکاره‌کانی حکوومەتی هەرێمى كوردستان بۆ به‌رگیری له‌م ڤايرۆسه‌ و هه‌نگاو و کاره‌کانیان بەرز دەنرخێنم، ئەرکی هەموو لایەکمانە ئه‌وپه‌ڕى هاوکار و یارمەتیدەریان بين لە جێبەجێکردنی کارەکانیاندا.

 

سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ هه‌موو وه‌زاره‌ته‌ په‌يوه‌نداره‌كان و دكتۆر و په‌رستاران و ستاف و تيمه‌ پزيشكييه‌كان و ته‌واوى كه‌رتى ته‌ندروستى و پۆليس و ئاسايش و كارمه‌ندانى فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌كان و پارێزگا و ئيداره‌كان كه‌ خزمه‌ت ده‌كه‌ن و بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا هاوكار و هه‌ماهه‌نگن، هه‌روه‌ها داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و رێكخراوه په‌يوه‌نداره‌ جيهانييه‌كان ده‌كه‌ين بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا، هاوكاريى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.

 

کوردستانیيانی ئازیز،

 

بە هەستی بەرپرسیاریەتی و هاوکاریی هەموومان پێکەوە، دەتوانین تەندروستی و سەلامەتیی خۆمان و ژینگەکەمان لەم مەترسییە بپارێزین. گرنگە بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکرێت، نە به‌ ترس و نە فەرامۆشکردن. دەبێ رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی تایبەت بە خۆپاراستن و پاکوخاوێنی، بڕیار و رێکارەکانی لایەنە پەیوەندارەکانى حكوومه‌ت بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم ڤايرۆسه‌، بە وردی و دروستی جێبەجێ بکرێن.

 

ئەرکی هه‌موو كه‌سێكه‌ خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بۆ پاراستنی تەندروستی، ژیان و سەلامەتیی خۆی و خێزانەکەی، کۆمەڵگا و ژینگەکەی. چاوەڕوانیم لە هه‌موو کوردستانیيانی ئازیز، ئەوپەڕی هەستکردنیانە بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بەم ئەرکە مرۆیی، نيشتمانی، ئايينى و ئه‌خلاقييه‌.

 

به‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگيى هه‌مه‌لايه‌نه‌ و پابه‌ندى به‌ رێنمايييه‌كانه‌وه‌، خۆمان و گه‌ل و وڵاتمان ده‌پارێزين و ئه‌م سه‌ختييه‌ش تێده‌په‌ڕێنين، هه‌موو هاوکاری و هه‌ماهه‌نگییه‌کیش له‌گه‌ڵ رێکخراوی ته‌ندروستیی جیهانی و لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانی عێراق و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌که‌ین. بە هیوای سەلامەتی بۆ سەرجەم کوردستانیيان و گه‌لى عێراق و گەلانی دراوسێ و جیهان.

 

نێچیرڤان بارزانی

 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

 

11/3/2020

 

Back to top button