قایمقامی هەولێر: دڵنیایی ده‌داته‌ هاووڵاتییان بە هیچ جۆرێك قەیرانی نەمانی خۆراك نییە

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 14/3/2020، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی قه‌زاى ناوه‌ندیی هه‌ولێر به‌ كه‌ناڵى (كوردستان 24)ى ڕاگه‌یاند: بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ دوای ئەوە هات بەشێک لە هاووڵاتییان به‌ ڕێنوێنییه‌كان پابه‌ند نه‌بوون.

قایمقامى هه‌ولێر دڵنیایی ده‌داته‌ هاووڵاتییان و گوتى: هیچ مەترسییەکی نەمانی خواردن لە هەرێمی کوردستان نییه‌، چونکە جووڵەی بازرگانی بەردەوامە، بەشی زیاتر لە دوو مانگیش خواردن لە کۆگاکانی هەرێمى كوردستان هەن.

لەبارەی ئەوەی هاووڵاتییان چۆن بتوانن دەستیان بە دووکان و مارکێتەکان بگات، نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید باسى له‌وه‌ كرد، ئەو کێشەیە چارەسەر کراوە و لە گەڕەگەکان مارکێتەکان دەکرێنەوە.

گوتیشى: ئەو مارکێت و دووکانانە سزا دەدرێن، کە بەهۆی لێشاوی کڕیارانی دوێنێ شەوەوە، نرخی شتومەکەکانیان گران کردبوو.

 

Back to top button